سەردێڕ:

٢٤ ساڵ تێدەپەرێت؛ ١١ی سێپتەمبەر چی روویدا؟

AM:10:53:11/09/2025

3396 جار خوێندراوەتەوە

ئەمرۆ ٢٤ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر رووداوەکەی بەرەبەیانی رۆژی ١١ ئەیلولی ساڵی ٢٠٠١، کاتێک لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا خەڵک بە دیمەنێکی سامناک بەخەبەر هاتن ئەویش ئەوەبوو دوو فرۆکەی رفێنراو خۆیان كێشا بە باڵەخانەی ناوەندی بازرگانی جیهانی لە نیویۆرك، هەر لەو رۆژدا فڕۆكەیەكی دیكەش خۆی بە بەشێك لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا (پنتاگۆن)دا كێشا و فڕۆكەیەكی تریش پێش پێكانی ئامانجەكەی كەوتە خوارەوە.


دوو ھێرشی تیرۆرستی دوا بە دوای یەك كە لە رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ لەلایەن رێكخراوی ئەلقاعیدە لەخاكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا روویاندا، ئاڕاستەی چوار فڕۆكەی مەدەنی بازرگانی گۆڕان و ئاڕاستەكران بە ئامانجی دیاریكراو كە سیانیان سەركەوتبوو لەپێكانی ئامانجەكانیاندا، ئامانجەكانیش تاوەری بازرگانی نێودەوڵەتی بوو لەمنھاتن و بارەگای وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن).

حكومەتی ئەمەریكا ئەوەی بڵاوکردەوە، لەو رۆژەدا نۆزدە كەس كە پەیوەندییان بە رێكخراوی ئەلقاعیدەوە هەبوو، دەستیان كرد بە جێبەجێكردنی هێرشەكان بە فڕۆكەی مەدنی رفێنراو.

لەئەنجامی ئەو كردەوە تیرۆرستییەدا   ٢٩٧٣ كەس كوژران و ٢٤ كەسیش بێسەروشوێن بوون، لەگەڵ ھەزاران بریندار و تووشبوو لەئەنجامی كەوتنەوەی دوكەڵی ئاگرو ھەڵمە ژاراوییەكاندا.

جێی ئاماژە پێدانە، ١١ی ئەیلول گۆڕانكارییەكی گەورەی لە سیاسەتی ئەمریكادا دروستكرد، لە دوای ئەو هێرشانە، ئەمەریكا شەڕی لە دژی تیرۆر راگەیاند، كە بووە هۆی دروستكردنی جەنگی ئەفغانستان و عێراق و ڕوخانی ڕژێمی سەدام حسێن و تاڵیبانی ئەفغانستان.













گەلەری