سەردێڕ:

کۆمسیۆن مووچەی کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدانی بڵاوکردەوە

PM:07:43:10/09/2025

10832 جار خوێندراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕی مووچەی ئەو کارمەندانەی ئاشکرا کرد کە بڕیارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە ١١ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، هاوکاری کۆمسیۆن بکەن.


کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، مووچەی کارمەندان لە نێوان ١٥٠ هەزار بۆ ٤٠٠ هەزار دینار دەبێت، خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە دەرچووانی زانکۆ و خوێندکاران، بەراورد بە فەرمانبەرانی حکومی، ١٠٠ هەزار دیناری زیاتر وەردەگرن.

ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر کارمەندێک لە رۆژانی دەنگدانی گشتی و تایبەت ئەرکەکەی ببینێت، ١٠٠ هەزار دیناری دیکە دەچێتە سەر کۆی مووچەکەی، جیاوازیی مووچەکان بەپێی ئەرکی کارمەندەکە و هەروەها جۆری خاوەن بڕوانامەکە دیاریکراوە (فەرمانبەری حکومی، خوێندکار یان دەرچووی زانکۆ).

بەپێی خشتەی راگەیەندراو، مووچەکان بەم شێوەیە دەبن:

رێکخەری ناوەندی دەنگدان:

فەرمانبەری حکومی: ٣٠٠ هەزار دینار.

خوێندکار یان دەرچووی زانکۆ: ٤٠٠ هەزار دینار.

بەڕێوەبەری بنکەی دەنگدان:

فەرمانبەری حکومی: ٢٠٠ هەزار دینار.

دەرچووی زانکۆ یان خوێندکار: ٣٠٠ هەزار دینار.

کارمەندێکی ئاسایی بنکەی دەنگدان:

فەرمانبەری حکومی: ١٥٠ هەزار دینار.

خوێندکار یان دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکان: ٢٥٠ هەزار دینار.

ئەم بڕیارە وایکردووە کە دەرچووان و خوێندکاران زیاتر هان بدرێن بۆ بەشداریکردن لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا، کە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بۆ دڵنیابوون لە شێوەیەکی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان.













گەلەری