PM:04:44:10/09/2025
1404 جار خوێندراوەتەوە
حکومەتی عێراق و وەزارەتی كارەبا دەیانەوێت لە رێگەی چەند پڕۆژەیەكی ستراتیجیەوە تاكو ساڵی ٢٠٢٧ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە کەرتی کارەبادا بكەن بە ئامانجی سەقامگیریی تەواو لە تۆڕەکانی كارەبا و کەمکردنەوەی پچڕانەکان، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بڕیارێكی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینكردنی پارەی زیاتر بۆ پڕۆژە پێشکەوتووەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بنەماکانی هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای "جی ئی ڤێرنۆڤا ئینتەرناشناڵ" پەسەندکرد و پارەی زیاتری بۆ پڕۆژە پێشکەوتووەکان دابینکرا، كە ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ پێشبینی لیژنەی وزەی پەرلەمان کە ساڵی ٢٠٢٧ وێستگەیەکی گۆڕانکاری دەبێت بەرەو جێگیربوونی تەواو لە سیستمی کارەبا و باشترکردنی کوالێتی خزمەتگوزارییەکان.
کۆمپانیای جی
ئی ڤێرنۆڤا ئینتەرناشناڵ کە کۆمپانیایەکی جیهانییە، پسپۆڕە لە پەرەپێدان و
بەڕێوەبردنی وێستگەکانی وزەی نەریتی و نوێبوەوە، هەروەها پێشکەشکردنی چارەسەری
وزەی بەردەوام و پاک، وەک وزەی خۆر و با، جگە لە دابینکردنی تەکنەلۆژیاکانی
بەڕێوەبردنی تۆڕەکانی کارەبا، باشترکردنی سەقامگیری و پشتگیریکردنی پڕۆژەکانی
گۆڕانکاری دیجیتاڵی وزە و سیستمەکانی کارایی.
لیژنەی وزەی
پەرلەمانی عێراق، پێشبینی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و بازدانێکی جۆری لە دۆخی
کارەبادا کرد تا ساڵی ٢٠٢٧، ئەوەش بەهۆی پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتەوە کە جێبەجێ
دەکرێن، لەوانە چارەسەرکردنی گرفتەکان و فراوانکردن لە پڕۆژەکانی وزەی نوێبوەوە،
لەگەڵ هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی دەستەیەکی تایبەت بە وزەی پاک کە راستەوخۆ بە
وەزارەتەوە بەستراوەتەوە.
کامل عوکیلی،
ئەندامی وزەی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی سەباح وتی، وەزارەتی
کارەبا بە هەنگاوی جددییەوە بەرەو جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان دەڕوات کە
دەبنە هۆی سەقامگیرییەکی نزیکەی تەواو لە سیستمی کارەبادا لە ماوەی داهاتوودا.
ئاماژەی بەوەشکرد،
لەناو ئەم پڕۆژانەدا کارەکانی چارەسەرکردنی گرفتەکانە کە لە چەندین ناوچەی بەغدا
جێبەجێکراون، و کاریگەرییان هەبووە لە باشترکردنی سەقامگیری تۆڕەکانی كارەبا و
کەمکردنەوەی پچڕانەکان.