زیاتر لە ٤٠ رۆژە مووچەخۆرانى هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، چاوەڕوانیش دەکرێت ئەم هەفتەیە سودانى بڕیار لە ناردنى مووچەی مانگی چواری هەرێم بدات.
کۆتا مووچە رۆژى ٢٧ـی ئازارى ٢٠٢٥ دابەشکرا بەوەش زیاتر لە ٤٠ رۆژە مووچەخۆرانى هەرێم مووچەیان وەرنەگرتووە، حکومەتى کاربەڕێکەریش خۆی لێ بێدەنگ کردووە.
هەروەها، لە سەرەتای
ئەمساڵەوە بەردەوام وەزیرى دارایی عێراق ناڕەزایی دەربڕیوە لەسەر رادەستنەکردنى
داهاتى نەوتی قاچاخ و ئەو برەی داهاتى ناوخۆ کە حکومەتى کاربەڕێکەر لە سێ مانگی
رابردوودا رادەستى کردوە و دەڵێت، زۆر کەمترە لە نیوەی ئەو بڕەی رێککەوتنى لەسەر
کراوە، لەسەر ئەو بنەمایەش هەفتەى رابردوو تەیف سامی داوای روونکردنەوەى لە دادگای
فیدراڵی کردووە.
بەپێی زانیارییەکانیش
چاوەڕوان دەکرێت داواکاریی وەزیرى دارایی عێراق لە دادگای فیدراڵی سەبارەت بە
بڕیاردان لەسەر پابەندنەبونى هەرێم بە رێککەوتنەکانەوە، لە مووچەى مانگی پێنجەوە
جێبەجێ بکرێت، بەوەش چاوەڕوان دەکرێت سودانى ئەم مانگەش مووچەکە بنێرێت.
تۆمەتبارکردنی هەرێم بە
پابەندنەبوون بە رێککەوتنەکانەوە بەتایبەت رادەستکردنى داهات لەکاتێکدایە، داهاتى
ناوخۆی هەرێم بەوتەى خودی حکومەتى کاربەرێکەر بە زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دیناری
مانگانە دەخەمڵێنرێت، بەڵام هەرێم لەم سێ مانگەدا مانگانە نزیکەی ٥٠ ملیار دیناری
رادەستی بەغدا کردووە، لەکاتێکدا بەپێی رێککەوتنەکانی لەگەڵ بەغدا دەبێت هەرێم
مانگانە نیوەى داهاتی ناوخۆی رادەست بکات، ئەوە جگە لەوەى بەغدا دەڵێت ناکرێت
هەرێم مانگانە زیانى ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە پشکی نەوتى عێراق بدات و یەک دیناری
داهاتەکەش رادەست نەکات، کە داهاتی ئەو نەوتەی پارتی و یەکێتی بە قاچاخ دەیفرۆشن
مانگانە بە ٥٠٠ ملیار دینار دەخەمڵێنرێت.
لەدواى دەستکردن بە
فرۆشتنى نەوت بە شێوەی سەربەخۆ لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە دواکەوتن و لێبرین و
نەدانى مووچە بووە بە کارێکى مانگانەى دەسەڵاتدارانی هەرێم بەجۆرێک کەم مانگ
هەیە مووچە لەکاتى خۆی دابەشبکرێت، هەڵبەت ئەگەر دابەشبکرێت، چونکە لە ساڵى ٢٠١٥ـەوە
٦٠ مووچەى مووچەخۆران بە لێبڕین و چارەکە مووچە دابەشکراوە کە ١٥ مووچەیان هەر
نەدراوە.