سەردێڕ:

بەشەخۆراکی ئەم فەرمانبەرانە دەبڕدرێت

PM:09:35:20/09/2025

7260 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق دەڵێت، ئێستا بەهۆی فۆرمی ئەلیکترۆنی بەشەخۆراکەوە ئاماری وردی سوودمەندبووانی بەشەخۆراکیان هەیە، پێشنیازێکیش هەیە بەشەخۆراکی ئەو فەرمانبەرانەی حکومەت رابگیرێت کە مووچەکانیان لە ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار زیاترە.


ئەمڕۆ شەممە ٢٠ـی ئەیلولی ٢٠٢٥، ئەسیر داود غەریری، وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند، لەم کاتەدا تەنیا بەشە خۆراکی ئەوانە راگیراوە کە مووچەکانیان دوو ملیۆن دینارە، بەڵام ئێستا پێشنیازێک هەیە کە ئەم بڕیارە بگۆڕدرێت و بەشەخۆراکی هەموو ئەو فەرمانبەرانە رابگیرێت کە مووچەکانیان لەملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار زیاترە، ئەم پێشنیازەش نەخراوەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران، ئەگەر حکومەتیش پەسەندی بکات پێش ساڵی داهاتوو دەست بە جێبەجێکردنی ناکرێت.

وەزیری بازرگانی عێراق باسی لەوەشكرد، دابەشکردنی بەشەخۆراک بە هەمان بڕ و رێکاری پێشوو بەردەوامە، پرۆسەی نوێکردنەوەی فۆرمی خۆراکیش بە رێگەی ئەلیکترۆنی بەردەوامە و بەهۆیەوە ئاماری وردی ژمارەی مردووان و ئەوانەی کۆچیان کردووە یان داهاتیان بەرزە، وەردەگرن و لەسەر بنەمای ئەو ئامارانە بڕیار و رێکاری پێویست دەگرنەبەر.

ئەوەش لە کاتێکدایە، سەرەتای ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزاری عێراق بۆ کاروباری ئابووری وتی، بڕیار دراوە لە کۆتایی ئەمساڵەوە بەشەخۆراکی ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە رابگیرێت کە مووچەکانیان لە ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار زیاترە، واتە بەشەخۆراکی خۆیان و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکانیان، ئەم بڕیارە خاوەن کۆمپانیاکان و بەڵێندەرانیش دەگرێتەوە.













گەلەری