سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق جدییە لە گەیشتن بە سەربەخۆیی لە بواری وزەدا، هاوکات بەرپرسی کاروباری باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئاماژەی بەوەکرد، هاوردەکردنی غازی سروشتی لە دەرەوەی سیستەمی سزاکاندایە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ٩ـی ئازاری ٢٠٢٥، لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە تێیدا هاتووە، عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لەگەڵ دانیال روبینشتاین، باڵیۆزی ئەمریکا بە وەکالەت لە عێراق کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر پێویستی بەردەوامی پەیوەندیەکان کردەوە بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رێگاکانی بەرزکردنەوەی
هاریکاری هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمریکا کراوە
لە رووی بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی کارەکانی کەرتی دارایی و بانکی، هەروەها تاوتوێکردنی
فایلی سزاکانی ئەمەریکا و رادەی کاریگەرییەکانیان لەسەر کەرتی کارەبا، بەتایبەتی لە
ژێر رۆشنایی قسەکردن لەسەر کۆتاییهاتنی وادەی لێخۆشبوونی عێراق لە هاوردەکردنی غازی
ئێرانی.
عەتوان عەتوانی باسی لەوەکرد، حکوومەتی عێراق جدییە لە گەیشتن بە سەربەخۆیی وزە لەرێگەی چەند پڕۆژەیەکەوە کە پەیوەندییان بە وەبەرهێنان لە غازدا هەیە، بە مەبەستی بەکارهێنانی لە بەرهەمهێنانی کارەبا و گەیشتن بە خۆبژێوی، بەڵام ئەو پڕۆژانە لە ساڵانی داهاتوودا دەچنە خزمەتی هاووڵاتیانەوە.
وتیشی، راوێژکاری کاروباری ئەمەریکا پەیامێکی
گرنگی گەیاندە حکومەتی وڵاتەکەی و رایگەیاند، راگرتنی هاوردەکردنی غاز لێکەوتەی
کارەساتباری بۆ گەلی عێراق دەبێت، بەتایبەتی لە هاویندا، چونکە دەبێتە هۆی داڕمانی
سیستمی کارەبای نیشتمانی، بەهۆی نەبوونی هیچ بەدیلێک لە ئێستادا.