سەردێڕ:

چارەنووسی جەنگی ئۆکرانیا بە کوێ دەگات؟

PM:11:55:08/10/2024

3256 جار خوێندراوەتەوە

پێش ئەوەى لوتکەى رامشتاین بۆ بەرگری بەڕێوە بچێت، ئۆکرانیا و روسیا جەنگەکەی نێوانیان گەرمتر کردووە، سوپای روسیا شارێکیان کۆنترۆڵ کرد و لە ناو سەنتەری شاری تورێتسکیش پێشڕەوی دەکەن، سەرۆکی ئۆکرانیاش ١٢ـی مانگ لە ئەڵمانیا پلانی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەخاتە روو.


سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، هێزەکانی روسیا چونەتە ناو سەنتەری شاری تورێتسک کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و دۆخی شارەکە ناسەقامگیرە و لە هەموو دەروازەکانی چوونەژوورەوەی شارەکەدا شەڕ بەردەوامە.

هاوکات، رۆژی حەوتى ئەم مانگەش سوپای روسیا شارۆچکەی گرۆدۆڤکای لە هەرێمی دۆنێتسک کۆنترۆڵ کرد و وەزارەتی بەرگری روسیا لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی کۆنترۆڵکردنی شارۆچکەکەدا، ١٠ هێرشی هێزەکانی ئۆکرانیایان بەرپەرچ داوەتەوە و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٤٢٠ سەربازی ئۆکرانیا کوژراون.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە، مۆسکۆ پێشڕەوییەکانی بۆ ناو خاکی ئۆکرانیا دەست پێکردەوە و هەزار و ٧٣٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەی کۆنترۆڵ کردووە.

پەرەسەندنەکانى ئەم دواییانە لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژى ١٢ـی ئەم مانگە لوتکەى رامشتاین بۆ بەرگریى لە بنکەى سەربازیی رامشتاینى سوپای ئەمریکا لە ئەڵمانیا بەڕێوە بچێت و سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەى وڵاتانى رۆژئاواش تێیدا بەشدار دەبن، بڕیارە سەرۆکى ئۆکرانیاش پلانەکانی بۆ گەیشتن بە کۆتاییەکی دادپەروەرانە بۆ جەنگەکە بخاتە روو کە ماوەى زیاتر لە دوو ساڵە سەرخان و ژێرخانى وڵاتەکەى وێران کردووە.













گەلەری