سەردێڕ:

دوایین زانیارییەکان لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر ئیسرائیل

PM:10:16:01/10/2024

33476 جار خوێندراوەتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ، ئێران لە رێگەی سەدان مووشەکەوە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، وتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش رایگەیاند، هیچ کەسێک بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانەوە گیانی لەدەست نەداوە.مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێرانیش رایگەیاند، وڵاتەکەیان بەدوای شەڕەوە نییە، بەڵام وەڵامی هەر هەڕەشەیەک دەدەنەوە کە رووبەڕوویان دەبێتەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە رێگەی ٤٠٠ مووشەکەوە و وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ کوژرانی هەریەکە لە ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەمماس و حەسەن نەسروڵڵای سەرۆکی پێشووی حزبوڵڵا، هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل.

لە بەرامبەریشدا، دانیاڵ هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ٢٥٠ مووشەک ئاڕاستەی وڵاتەکەیان کراوە و لە رێگەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانییەوە توانیویانە زۆرینەی مووشەکەکان بخەنە خوارەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ کەسێک بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەوە گیانی لەدەست نەداوە و لە کاتی گونجاودا وەڵامی ئەو هێرشەی ئێران دەدەنەوە.

لەدوای هێرشەکەشەوە، وەزیری گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، ئاسمانی عێراقیان بە رووی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکاندا داخستووە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانیش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پابەندی بڕیارەکەی وەزارەتی گواستنەوەن و هاوشێوەی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانیان راگرتووە.

هاوکات، جگە لە عێراق، هەریەکە لە وڵاتانی ئیسرائیل، ئوردن و لوبنان بە هەمان شێوە و بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکانیان دوا خستووە.

هەر ئێوارەی ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل بڕیاری دا کە هێزی زیاتر بەرەو باکووری وڵاتەکەی و سەر سنووری ئیسرائیل-لوبنان جوڵە پێ بکات.

بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی سوپای پاسداران، ئەنجامدانی هێرشە مووشەکییەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ سەر خاکی ئیسرائیل، لە وەڵامی کوژرانی هەریەکە لە ئیسماعیل هەنیەی سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەمماس و حەسەن نەسروڵڵای سەرۆکی پێشووی حزبوڵڵادا بووە.

بەرەبەیانی رۆژی ٣١ـی تەمموزی ئەمساڵ، بزوتنەوەی حەمماس لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئیسماعیل هەنیە کە بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت ساڵ سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەکەیان بوو، لە تارانی پایتەختی ئێران کوژراوە، لە رۆژی ٢٨ـی مانگی رابردووشدا، حزبوڵڵای لوبنان کوژرانی حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتیی حزبەکەیان لە هێرشێکی فڕۆکەکانی سوپای ئیسرائیلدا راگەیاند.













گەلەری