سەردێڕ:

ئەمڕۆ لە عێراق زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا

AM:11:53:22/09/2024

1304 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ عێراق یەکەم زەنگی بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لێدا و دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن هەر لە باخچەکانی ساوایانەوە تاوەکو پۆلی ١٢ دەستیپێکردەوە، لە ناویاندا خوێندنی کوردی کەرکوک.


ئەمڕۆ بە بەشداری ١٢ ملیۆن خوێندکار ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق دەستیپێکردەوە و خوێندکاران بۆ دەستپێکی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٤-٢٠٢٥ بە جلوبەرگی قوتابخانەوە ئاڵایان هەڵکرد.

دوێنێ شەممە، کەریم سەید وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ ئامادەکارییەکانیان زۆر باشترن لە ساڵەکانی پێشوو و چەندین گۆڕانکارییان ئەنجامداوە.

وتیشی، هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ ئەوەی ژمارەی قوتابخانەکان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەزار قوتابخانە زیاد بکەن، بەوپێیەی زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار قوتابی دەچنە قۆناغی یەکەم لە قوتابخانەکان.

ساڵانە لە عێراق خوێندن لەکاتی خۆی و بەبێ دواکەوتن دەستپێدەکات و خوێندکاران لە قۆناغێکی نوێدا دەست دەکەن بە ساڵی نوێی خوێندنیان.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی هەرێم، رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، واتە سێ رۆژی دیکە، لە هەرێم یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەکات، بەڵام ئەوە دیار نییە ئاخۆ وەک ساڵانی رابردوو بەهۆی گرفتی مووچەوە ناڕەزایەتییەکان رێگە بە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان دەدەن یان نا.

ماوەی چەند ساڵێکە لە هەرێم بەهۆی گرفتی پێنەدان و دواکەوتنی مووچە، گرفت لەبەردەم خوێندندا دروست بووە و حکومەتی کاربەڕێکەر کەرتی پەروەردەی پەکخستووە، بێباک لە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو کەرتە بەوپێیەی پەروەردە و فێرکردن بنەمای کۆمەڵگەیەکی پتەون لە داهاتوودا.













گەلەری