عەلا حسێن خەفاجی، کە لەدوای داگیرکردنی کوەیت لەلایەن رژێمى پێشووى عێراق بۆ چەند رۆژێک کرایە سەرۆکی حکومەتی کاتی، رەگەزنامەی وڵاتەکەی لێسەندرایەوە، کە ئێستا بە تۆمەتی ناپاکیی گەورە لە زیندانە و سزاى هەتا هەتایی بەسەردا سەپێنراوە.
لە دوای ٢٤ ساڵ لە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەریدا، حکومەتی کوەیت بە مەرسومێک رەگەزنامەی ئەو وڵاتەی لە عەلا حسێن خەفاجی سەندەوە، کە سەرۆکی حکومەتی کاتیی کوەیت بوو لە دوای داگیرکردنی لەلایەن سوپای عێراقەوە لە ئابی ١٩٩٠ـدا.
ساڵی ١٩٩٣ دادگای کوەیت بە تۆمەتی (ناپاکیی گەورە)، سزای لە سێدارەدانی
بەسەر عەلا حسێندا سەپاند، بەڵام دادگای تێهەڵچوونەوە سزاکەی بۆ زیندانیی
هەتاهەتایی سوک کرد.
لە یەکەم هەفتەی داگیرکردنی کوەیتدا، تەلەفزیۆنی عێراق پێکهێنانی حکومەتی
کاتیی لە کوەیت بە سەرۆکایەتی (عەلا حسێن خەفاجی) راگەیاند، کە ئەو کات ئەفسەرێکی
سوپای کوەیت بوو. حکومەتە
کاتییەکەش جگە لە عەلا حسێن شەش وەزیری لەخۆگرتبوو.
بەڵام دوای چوار رۆژ لە راگەیاندنی ئەو حكومەتە واتە لە ٨ ـی ئابی ١٩٩٠،
سەدام حسێن بڕیاریدا ئەو حكومەتە هەڵبوەشێنێتەوە و کوەیت بە عێراقەوە بلکێنێت، کە
بە وتەی سەدام خەڵکی کوەیت ئەو داوایەیان لێکردووە.
لەدوای ئازادکردنی کوەیت لە ساڵی ١٩٩١ـدا، ئەندامانی ئەو حکومەتە جگە لە
عەلا خەفاجی کە لە بەغدا مابووەوە، داوایان لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد رێگەیان
پێبدەن بگەڕێنەوە کوەیت، کاتێکیش گەڕانەوە جەختیان کردەوە وەک بوکەڵە بوون و هیچ رۆڵێکیان
لە پێکهێنانی حکومەتە کاتییەکەی کوەیتدا نەبووە.
هەرچۆنێک بێت بەرپرسانی ئەو کاتی کوەیت دانیان بەوەدا نابوو کە ئەو شەش
کەسایەتیە بێتاوانن و دادگاکاش پەسەندی کرد، بەڵام بەو هۆیەی عەلا خەفاجی
لەگەڵیاندا نەگەڕابووەوە، دادگای کوەیت بە تۆمەتی ئەنجامدانی (ناپاکیی گەورە) سزای
لە سێدارەدانی بەسەردا سەپاند، کە دواتر بۆ زیندانیی هەتاهەتایی گۆڕدرا.
ساڵی ١٩٩٨ عەلا عێراقى جێهێشت و رووى لە تورکیا کرد، دواتریش چووە نەرویج و
لەوێیشەوە بەرەو لەندەن، لەوێ داوای لە باڵیۆزخانەی کوەیت کرد رێگەی بدەن
بگەڕێتەوە وڵاتەکەی.
دەرئەنجام ساڵی ٢٠٠٠ عەلا گەڕایەوە کوەیت و سزای زیندانیی هەتاهەتایی
بەسەردا سەپێنراو تا ئێستاش ماوەی سزاکەی لە گرتووخانەی ناوەندیی کوەیت بەسەر
دەبات.
بەپێی یاسای رەگەزنامە لە کوەیت،هەرکەسێک بۆ بەرژەوەندی وڵاتێکی
بیانی کاری کردبێت کە لە شەڕدا بێت لەگەڵ کوەیت، یان پەیوەندیی سیاسی لەگەڵدا
پچڕابوو، ئەوا رەگەزنامەی لێ دەسەندرێتەوە.