سەردێڕ:

لەبارەی فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران؛ بانکی ناوەندی روونکردنەوە دەدات

PM:10:08:12/09/2024

5672 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکاندا بەردەوامە و هیچ کێشەیەکی نییە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەڕێگەی لقەکانیانەوە لە فڕۆکەخانەکاندا بەردەوامن لە فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران.

باسی لەوەش کرد، هیچ کێشەیەک لە فرۆشتنی دۆلار بە گەشتیاران لە لقە ڕێگەپێدراوەکانەوە لە فڕۆکەخانەکاندا نییە و پڕۆسەکە بە ئاسانی بەڕێوە دەچێت.

ئەو لێدوانەی بانکی ناوەندی لەدوای ئەوە دێت، دەنگۆی ئەوە بڵاو ببویەوە کە لەڕێگەی چەند لقێکی بانکەکەوە لە فڕۆکەخانەکاندا دۆلاری ساختە بە گەشتیاران دەفرۆشرێت، بەڵام بانکی ناوەندی رەتی دەکاتەوە و دەڵێت، ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە و پڕۆسەی فڕۆشتنەکە بەبێ کێشە بەردەوامە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٣٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق دەتوانن لە رۆژی ١٤ـی تەمموزی ئەمساڵەوە لەرێگای نوسینگەکان و بانکەکانی پەیوەست بە مامەڵەدارییەکان لە فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێم دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن.

لەو بارەیەشەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەم رێکارەی بانکی ناوەندی لەبارەی پێدانی دۆلار لە فڕۆکەخانەکاندا، بۆ کەمکردنەوە و رێگە گرتنە لەوەی کە بەناوی گەشتکردنەوە دۆلار وەربگیرێت، بۆیە راستەوخۆ دراوەتە فڕۆکەخانەکان تا دڵنیابن لەوەی ئەو هاوڵاتییە گەشتەکەی دەکات.

باسی لەوەش کرد، گەشتیارانی عێراق و هەرێم سەرپشکن لە هەڵبژاردنی هەر بانکێک کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە رێگەی پێدراوە بۆ فرۆشتنەوەی دۆلاری کاش بە گەشتیاران.

چۆن گەشتیاران دۆلار وەردەگرن؟

هەر گەشیارێک کە داواکاری پێشکەش کردووە بە نوسینگەکان و بانکەکان، لەکاتی سەردانیکردنی فڕۆکەخانە و بەر لەوەی گەشت بکات سەردانی سەکۆکان دەکات و بەو پسوڵەیەی وەریگرتووە بڕی پارەکەی پێدەدرێت بەمەرجێک کە لە سێ هەزار دۆلار زیاتر نەبێت.


 













گەلەری