سەردێڕ:

بەقاچاخ فرۆشتنی نەوتی هەرێم ئەمینداری گشتی ئۆپیکی هێنایە بەغدا

PM:10:56:28/08/2024

3212 جار خوێندراوەتەوە

ئەمینداری گشتی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) گەیشتە بەغدا و سەردانەکەی ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، بەپێی خشتەی سەردانەکەشی بڕیارە لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق و چەند بەرپرسێکدا کۆببێتەوە.


لەو بارەیەوە عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، سەردانەکەی ئەمینداری گشتی ئۆپیک بەمەبەستی باسکردنی پرسی بەبازاڕکردنی نەوت و باشترکردن و فراوانکردنی هەماهەنگییەکان لەبارەی نەوت و بەرهەمهێنانیەوە لە وڵاتانی بەشدار لە ئۆپیک و ئۆپیک پڵەسدا.

کێشەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و ڕێکخراوی ئۆپیک سەبارەت بە رێژەی هەناردەکردنی نەوتە، بەوپێیەی ڕێکخراوی ئۆپیک پڵەس بە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگەیاندووە، هەناردەکردنی نەوت کەمبکەنەوە، چونکە عێراق لەو سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیلەی بۆی دیاریکراوە زیاتری فرۆشتووە.

هاوکات، ئۆپیک فشاری خستوەتەسەر عێراق بۆ کەمکردنەوەی بڕی هەرنادەکردنی نەوت، چونکە ئەو برەی کە لە هەرێمەوە بە قاچاخ هەناردە دەکرێت هەر لەسەر بری هەناردەی عێراق هەژمار دەکرێت، کە ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت، بۆیە ئۆپیک و وەزارەتی نەوتی عێراق ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی ئەو ڕێژەیەی کە عێراق بە زیادە هەناردەی کردوە، دەبێت تاوەکو مانگی نۆی ساڵی داهاتوو قەرەبووی بکاتەوە بە کەمکردنەوەی هەناردەکردنی ٩٠ تا ١٢٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.

باس لەوەشدەکرێت، لە کۆبوونەوەی بەرپرسەکەی ئۆپیک لەگەڵ لایەنی عێراقی بڕیارە پرسی بە قاچاخبردنی نەوتی هەرێم باس بکرێت کە رۆژانە لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە بە قاچاخ و لە رێگەی تانکەرەوە دەیفرۆشن و داهاتەکەى بە نزیکەى ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت و ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەى گشتى و بۆ بنەماڵەى بارزانى و تاڵەبانى دەڕوات.













گەلەری