بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، بە فشاری بەغدا ئەو ٣٠ هەزار ناوەی ئەم مانگە بە نایاسایی و فێڵ زیادکرابوو بۆ سەر لیستی مووچەی هەرێم، لابران و هەرێم دیسانەوە لیستەکە دەنێرێتەوە بۆ بەغدا.
ئێن ئاڕ تی ئەوەشی زانیوە، بە بڕیاری بەغدا لەمەودوا هیچ ناوێک ناخرێتە سەر مووچەی هەرێم و پارتی و یەکێتی دەسەڵاتی دامەزراندنی هیچ کەسێکیان نابێت، چونکە حکومەتەکەیان کاربەڕێکەرە و ماوەی یاسایی خۆی تەواو بووە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت، دوو رۆژ بەر لە ئەمڕۆ، وەزارەتی
دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر لە راگەیەنراوێکدا هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی لەلایەن
حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێم ئاشکرا کرد و ئاماژەی بەوە کرد، چەند ناوێکی دووبارە لە
لیستی مووچەدا هەیە و لە هەرێم رێگەپێدراوە. ئەوەش هاتبوو، دوای بەدواداچوون
دەرکەوتووە ئەو ناوانەی لە لیستەکەدا دووبارەن هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و
زۆربەیان فەرمانبەرن و دۆسیەی تەواویان هەیە، لە حکومەتی عێراقیش سوودمەندن لە
هاوکاری چاودێری کۆمەڵایەتی. وتیشی، لەجیاتی راگرتنی مووچە پێویست بوو وەزارەتی
دارایی عێراق هاوکارییەکە رابگرێت.
وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر ئەوەشی خستبووە روو، چەند کەسێک
هەیە ناوی چوارییان دووبارەیە، بەڵام ناوی دایک و تەمەنیان جیاوازە، بۆیە لە لیستی
مووچەدا هەن.
ئەوەش
لەکاتێکدایە، پارتی و یەکێتی هەرچی رێگایە دەیگرنە بەر بۆ ئازاردان و چەوساندنەوەی
مووچەخۆران و تەواوی هاوڵاتییانی هەرێم،
بەجۆرێک لە سایەی حکومڕانی ئەو دوو حزبەوە، لەلایەک هاوڵاتیان بەدەست گرفتی
بێئاوی و کەمی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا و خراپی دۆخی رێگاوبانەکان و کەمی
خزمەتگوزارییەکانی دیکەوە دەناڵێنن، لەلایەکی دیکەشەوە بەهۆی بوونی گرفت لە لیستی
مووچەکەیاندا؛ مانگانە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغداوە دوا دەکەوێت و
دەگاتە ئەو ئاستەی لە ماوەی زیاتر لە ٥٠ رۆژ مووچەخۆران یەک مووچەش وەرناگرن، لەکاتێکدا دەبێت هەر ٣٠ رۆژ جارێک مووچەیەک وەر بگرن.
لەلایەکی دیکەوە، بە گوێرەی رێککەوتنەکانی نێوان
هەرێم و عێراق، بۆ ئەوەی عێراق مانگانە مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت،
پێویستە هەرێم رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا
بکات، بەڵام تا ئێستا هەرێم نە نەوتی رادەستی بەغدا کردووە، لە بڕگەی داهاتی
نانەوتی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵیشدا، تەنها ٢٣٠ ملیار دیناری رادەست کردووە. سەرۆکی
لیژنەی داراییش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "هەرێم پابەندی رێککەوتنەکان نەبووە".
لە ئێستادا، مووچەخۆرانی هەرێم لە مانگی نۆ نزیک دەبنەوە و تا ئێستا دیار
نیە کەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی حەوت دەکرێت، هاوڵاتییان
و مووچەخۆرانی هەرێمیش حکومەتی کاربەڕێکەر بە بەرپرسیاری ئەم دۆخە دەزانن.