سەردێڕ:

شکاندنی سنوورە دەستکردەکان

PM:05:42:01/01/2025
1428 جار خوێندراوەتەوە
ئارام هادی
+ -

گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە سنوورە دەستکردەکانی رێککەوتنی (سایکس بیکۆ)ی تێکشکاند و دەرفەتی بۆ کاری پێکەوەیی نێوان پارچەکانی کوردستان دروست کردووە، ئەم دەرفەتە وەکو دوا دەرفەت دەدات بە کورد بۆ ئەوەی دیدگا و پرۆژەی هاوبەشی هێزە سیاسیە کوردیەکان تەریب لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بڕوات و ببێتە بەشێک لە پڕۆژەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ.

لەیەککاتدا مەترسی و دەرفەتی گەورە لەبەردەم کورد هاتۆتەئاراوە، جیهان شایەدیمان بۆ دەدات کە دەرفەتەکان بە خوێن و بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگە و شەڕڤان هاتۆتەدی بەردەوامبوون لەسەر دیدگای هاوبەش مەترسیەکان دووردەخاتەوە و دیفاکتۆی نوێ لەگەڵ خۆی دەهێنێت، بەراورد بە رابردوو لەئەمڕۆدا پشتیوانییەکان بۆ کورد لە ئاستێکی بەرزدایە، ئەوەی کە شەمەندۆفێری رێگای گەیشتن بە مافەکانی کوردی خاوکردۆتەوە بەداخەوە ژمارەیەک لە هێزە کوردیەکانن کە بە ئەقڵیەتی شەڕە گەڕەک مامەڵە لەگەڵ پرسە گەورەکان دەکەن.

لەئێستادا بارودۆخی کورد ئەوە هەڵناگرێت کە دوومناڵ لە گەڕەکێکدا بەشەربێن، مێژوو چاوپۆشی لە خەتابارەکان ناکات، بیانوە جیاجیاکان بەئامانجی پەکخستنی یەکڕیزی و پێکنەهێنانی گیانی هاوکاری لەژێر هەر ناوێکدابێت ڕەتکراوەیە و جگە لە "سیابوونی دەموچاوەکان" هیچیتری لێ سەوزنابێت.

ساڵی ٢٠٢٥ ساڵی رەحمەت و نەفرەتە، ساڵی ئێمەیە ساڵی گەیشتنە بە ئامانجەباڵاکان، ساڵی گەیشتنە بەمافە بەدەست نەهاتووەکان، ساڵی پێکەوە ژیان و قوڵکردنەوەی گیانی کاری پێکەوەییە، لەدەستدانی ئەم دەرفەتە کە دوا دەرفەتی سەدەیە دەبێتە نەفرەتێک کە بۆ سەد ساڵی داهاتوو کورد لەژێر داگیرکاری و کوشتن و بڕیندا دەهێڵێتەوە.

گەلەری