لە رۆژی ١٢ـی مانگی ئازار، وەزارەتی دارایی
حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، بەغدا ٥٦٠ ملیار و ٢١٧ ملیۆن دیناری ناردووە،
دواتریش بەغدا بڕی ٥٦٣ ملیۆن دیناری دیکەی رەوانەی هەرێم کرد، بەهۆی بوونی کێشەوە
لە لیستەکەیان، مووچەی هێزە ئەمنییەکان نەنێردرا، حکومەتی کاربەڕێکەریش دەستی گرت
بەسەر مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی مەدەنیدا و ئامادە نەبوو دابەشی بکات، تا
دواتر لە ٢٨ـی ئازاردا لیستی مووچەی مووچەخۆرانی مەدەنیان بڵاو کردەوە و لە ٣٠ـی
ئازار دەستیان بە دابەشکردنی کرد، بەغداش بڕی ٣٥٢ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی
شوباتی هێزە ئەمنییەکان نارد، دواتر لیستی مووچەی مانگی شوباتی هێزە ئەمنییەکانیش
بڵاو کرایەوە و لە رۆژی ٣ـی نیسان دەست کرا بە دابەشکردنی مووچەکانیان. بە کۆی
گشتی بەغدا ٩١٢ ملیار و ٧٨٠ ملیۆن دیناری بۆ هەرێم ناردووە.
مووچەی مانگی ئازار (مانگی
سێ)
لە رۆژی ٧ـی نیسان، وەزارەتی دارایی حکومەتی
کاربەڕێکەر رایگەیاند، بەغدا بڕی ٤٣٠ ملیار و ١٠٩ ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی
ئازاری مووچەخۆرانی هەرێم ناردووە، هەر هەمان رۆژ، وەزارەتەکە رایگەیاند، بەغدا بڕی
٣٩٠ ملیار دیناری دیکەی وەک تەواوکاریی مووچەی مانگی ئازاری مووچەخۆرانی هەرێم
ناردووە، پێشتریش وەزارەتەکە لیستی مووچەی مانگەکەی بڵاو کردبووەوە و لە ٦ـی نیسان
دەستیان بە مووچەی مانگی ئازار کرد. بەغدا بە کۆی گشتی ٨٢٠ ملیار و ١٠٩ ملیۆن
دیناری بۆ هەرێم نارد.
مووچەی مانگی نیسان (مانگی
چوار)
رۆژی ١٤ـی ئایار، وەزارەتی دارایی حکومەتی
کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، بەغدا ١٦٨ ملیاری وەک مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینانی
مەدەنی و سەربازی و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی
هەرێم ناردووە و لە ١٥ـی ئایار دەستیان بە
دابەشکردنی کرد، دواتر و لە هەمان رۆژدا، وەزارەتەکە رایگەیاند، ٤٤٣ ملیار
دیناریان لەلایەن بەغداوە بۆ نێردراوە و هەر هەمان رۆژ دەستیان بە دابەشکردنی
مووچەی مانگی نیسان کرد، بەڵام ناوی هێزە ئەمنییەکان لە لیستی مووچەدا نەبوو. دوای
نزیکەی مانگێک لە چاوەڕوانی، وەزارەتی دارایی لە ١٠ـی حوزەیران رایگەیاند، بەغدا
بڕی ٣٤٤ ملیار و ٨٧٥ ملیار و ٢٢٩ ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگی نیسانی هێزە
ئەمنییەکان ناردووە و دەستیان بە دابەشکردنی کرد. بەغدا بە کۆی گشتی ٩٥٥ ملیار و
٨٧٥ ملیۆن و ٢٢٩ هەزار دیناری نارد.
مووچەی مانگی ئایار (مانگی
پێنج)
لە ٦ـی حوزەیراندا، وەزارەتی دارایی حکومەتی
کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، بەغدا بڕی ١٠٧ ملیار دیناری بۆ مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی مەدەنی و کەسوکاری شەهیدان و
ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ناردووە و لە ٩ـی حوزەیران دەست بە
دابەشکردنی دەکەن، دواتر و لە رۆژی ١٠ـی حوزەیران، وەزارەتەکە رایگەیاند، بەغدا
٤١٩ ملیار و ١٩٠ ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناردووە و لە رۆژی ١١ـی
حوزەیران دەست بە دابەشکردنی کرا، بەڵام ناوی خانەنشینانی سەربازی و ناوخۆ و هێزە
ئەمنییەکان لە لیستەکەدا نەبوو، بە بیانوی ئەوەی پارەی مووچەکانیان لەلایەن
بەغداوە نەنێردراوە، دواتر لە ١٤ـی مانگدا، مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینان دابەش
کرا، بەڵام چارەنووسی مووچەی مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکان بە نادیاری مایەوە.
بەغدا بە کۆی گشتی ٥٢٦ ملیار و ١٩٠ ملیۆن دیناری نارد (جگە لە
مووچەی هێزە ئەمنییەکان کە دواتر نێردرا).
مووچەی مانگی حوزەیران (مانگی
شەش)
لە رۆژی ٤ـی تەمموزدا، وەزارەتی دارایی
حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، بەغدا بڕی ٢٣١ ملیار و ٦٠٥ ملیۆن دیناری وەک
شایستەی مانگی حوزەیرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و
خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی رەوانەی هەرێم
کردووە، دواتریش لە ٩ـی تەمموز، وەزارەتەکە رایگەیاند، بەغدا بڕی ٤٢١ ملیار و ٧٦٠
ملیۆن دیناری دیکەی بۆ مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێم ناردووە و لە
١٠ـی تەمموز دەست بە دابەشکردنی کرا، بەڵام دووبارە ناوی هێزە ئەمنییەکان لە
لیستەکەدا نەبوو، جیا لەوەش، وەزارەتی
کارەبا و سەرۆکایەتی پەرلەمان چوونە پاڵیان و ناوی ئەوانیش لە لیستەکەدا نەبوو،
دواتر و لە ١٦ـی تەمموزدا، وەزارەتی دارایی بڵاوی کردەوە، بەغدا ٦٧٦ ملیار و ٣٦
ملیۆن دیناری بۆ مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان رەوانەی
هەرێم کردووە، لە کۆتاییدا و دوای ئەوەی ماوەی نزیکەی ١٠٠ رۆژ بوو هێزە ئەمنییەکان
تەنها یەک مووچەیان وەرگرتبوو، لە رۆژی ١٧ـی تەمموزدا، دەست کرا بە دابەشکردنی
مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان. بەغدا بە کۆی گشتی ترلیۆنێک و
٣٢٩ ملیار و ٣٦٥ ملیۆن دیناری بۆ هەرێم نارد (٦٧٦ ملیار دیناری بۆ
مووچەی مانگی ئایار و حوزەیرانی هێزە ئەمنییەکان بوو).
داهاتی نانەوتی هەرێم لەو شەش مانگەدا چەند بووە؟
بە گوێرەی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە واژۆی تەیف سامی بەسەرەوەیە،
داهاتی نانەوتی هەرێم لە چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ترلیۆنێک و ٦٤٦ ملیار و ٤٤٤
ملیۆن دینار بووە، واتە داهاتی نانەوتی یەک مانگی هەرێم، ٤١١ ملیار و ٦١١ ملیۆن دینار
بووە.
بە گوێرەی ئەو نوسراوە، داهاتی نانەوتی هەرێم لە شەش مانگی سەرەتای
ئەمساڵدابە تێکڕا دوو ترلیۆن و ٤٦٩ ملیار و ٦٦٦ ملیۆن دینار بووە، بە گوێرەی
رێککەوتنەکانی نێوان هەرێم و عێراقیش، دەبوایە هەرێم نیوەی ئەو داهاتە رادەستی
بەغدا بکات، کە بە تێکڕا ترلیۆنێک و ٢٣٤ ملیار و ٨٣٣ ملیۆن دینارە.
هەرێم چەند پارەی رادەستی بەغدا کردووە؟
سەرەڕای ئەوەی دەبوایە هەرێم زیاتر لە
ترلیۆنێک و ٢٣٤ ملیار دینار رادەستی بەغدا بکات، بەڵام، تەنها ٢٣٠ ملیار دیناری
رادەست کردووە، کە بەم جۆرە بووە:
لە ٢٧ـی ئایاری ئەمساڵدا، وەزارەتی دارایی
حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، بڕی ٨٥ ملیار و ١٩٩ ملیۆن و ٦٣٤ هەزار
دیناریان وەک پشکی بەغدا لە داهاتی نانەوتی مانگی شوبات رادەست کردووە.
لە ٣٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا، وەزارەتی
دارایی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، بڕی ٧٠ ملیار و ١٣١ ملیۆن و ٢٥٠
هەزار دیناریان وەک پشکی بەغدا لە داهاتی نانەوتی مانگی ئازار رادەست کردووە.
لە ١ـی ئابی ئەمساڵدا، وەزارەتی دارایی
حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، بڕی ٧٤ ملیار و ٨٤٤ ملیۆن و ٥٣٢ هەزار
دیناریان وەک پشکی بەغدا لە داهاتی نانەوتی مانگی نیسان رادەست کردووە.
"روونکردنەوەمان لێتان دەوێت"
لە سەرەتای تەمموزی ئەمساڵدا، لە نوسراوێکدا
کە دەست ئێن ئاڕ تی کەوت و واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی بەسەرەوە بوو و
ئاڕاستەی نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا کرابوو، داوا لە هەرێم کرابوو روونکردنەوە
لەبارەی ئەو بڕە پارانەوە بدات کە وەک پشکی عێراق لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆیان
نێردراوە، چونکە بە گوێرەی
خشتەی داهاتەکان کە بۆیان نێردراوە، داهاتی نانەوتی هەرێم لە چوار مانگی یەکەمی
ئەمساڵدا ترلیۆنێک و ٦٤٦ ملیار و ٤٤٤ ملیۆن دینار بووە، واتا لە مانگێکدا داهاتی نانەوتی هەرێم
٤١١ ملیار و ٦١١ ملیۆن دینار بووە.
"هەرێم پابەندی رێککەوتنەکان
نەبووە"
عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی
عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، هەرێم پابەندی رێککەوتنەکان نییە
و داهاتی نانەوتی بەو شێوەیە رادەستی عێراق ناکات کە رێککەوتنی لەسەر کراوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بە گوێرەی
رێککەوتنەکان، دەبوایە هەرێم نیوەی داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکات، بەڵام
پێوەی پابەند نەبووە.
"نەوتی قاچاخ؛ داهاتێکی زەبەلاحی دیکەی
نادیار"
جگە لەو داهاتە زەبەلاحەی نانەوتی، ئێن ئاڕ تی لە بەدواداچوونەکانی لە
دۆسیەی فرۆشتنى نەوتى هەرێم بە قاچاخ لەلایەن پارتى و یەکێتى ئەوەی ئاشکرا کردووە،
داهاتی فرۆشتنی نەوتی قاچاخی هەرێم بۆ نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار زیادی کردووە، پارەکەشی
لەڕێگای سێ کۆمپانیای پارتی و یەکێتیەوە دەگەڕێتەوە بۆ کەسە یەکەم و دووەمەکانی بنەماڵەی
بارزانی و تاڵەبانی.
بەڕای بەشێک لە ئابووریناسانیش، فرۆشتنی نەوتی قاچاخ لەلایەن هەرێمەوە
گرفتی بۆ هەناردەی نەوتی عێراق دروست کردووە و ئۆپیک نوێترین هۆشداری داوە بە عێراق
چونکە لەسەر رێژەی گشتیی هەناردەی عێراق هەژمار دەکرێت، خێری فرۆشی نەوت بە قاچاخ
دەچێتە گیرفانی پارتی و یەکێتی، هەربۆیە بوونەتە رێگر لەبەردەم دووبارە هەناردەکردنەوەی
نەوت بەشێوەیەکی رەسمی و لەڕێگەی کۆمپانیای نیشتمانیی سۆمۆوە.