ئێوارەی دوێنێ، فڕۆکەیەکی روسیا کە ٢٣٦ سەرنشینی تێدابوو، بەهۆی لەکارکەوتنی یەکێک لەبزوێنەرەکانی فڕۆکەکەوە بەناچاری لەمیسر نیشتووەتەوە.
ئەمڕۆ هەینی ٤ـی کانونی یەکەمـی ٢٠٢٥، وەزارەتی فڕۆکەوانی مەدەنی میسر لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، فڕۆکەیەکی روسیا کە لە فڕۆکەخانەی شەرم شێخەوە بەرەو فڕۆکەخانەی یەکاتێرینبۆرگ لە روسیا دەڕۆیشت، ناچار بوو بگەڕێتەوە و لە فڕۆکەخانەی شەرم شێخ بنیشێتەوە.
ئاماژەیان
بەوەشکردووە، دوای ئەوەی راپۆرتێکیان لە فڕۆکەوانی فڕۆکەکەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە تێکچوونی
تەکنیکی لە یەکێک لە بزوێنەرەکان دوای ١٠خولەک لە بەرزبوونەوەی، دەستبەجێ داوا لە
تاوەری کۆنترۆڵکردنی هاتوچۆی ئاسمانی کرا کە نیشتنەوەی بەپەلە ئەنجام بدات.
باسیان
لەوەشکردووە، لە ئەنجامدا پلانی فریاگوزاری فڕۆکەخانەکە چالاککرا بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنێکی
خۆپارێزی پێویست بۆ مامەڵەکردن بۆ ئەو جۆرە دۆخە لەناکاوانە.
ئەوەشیان خستەڕوو،
هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە کە لە فڕۆکەخانەکە کاردەکەن،
دەستبەجێ ژوورێکی بەڕێوەبردنی حاڵەتە لەناکاوەکان و سەنتەری ئۆپەراسیۆن پێکهێنران، کە ئۆتۆمبێلەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری
تیایدا خراونەتە ئامادەباشیەوە و دابینکردنی هەموو پێداویستییەکی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی
رووداوە فریاگوزارییەکان.
دەشڵین، کە فڕۆکەکە
توانی بە سەلامەتی لە فڕۆکەخانە بنیشێتەوە، لەوێ ئاراستەی شوێنی دیاریکراو کراوە،
هەروەها سەرجەم سەرنشینەکانیش بە سەلامەتی گواستراونەتەوە بۆ هۆڵی فڕۆکەخانەکە، کە
سەرجەم تیمە تەکنیکیی و تایبەتمەندەکان رێکارەکانی پشکنینی پێویستیان ئەنجامداوە بۆ
دیاریکردنی هۆکاری لەکارکەوتنی بزوێنەرەکە، رێکارەکانی چاککردنەوەی پێویستی بۆ جێبەجێ کراوە.