مەسرور بارزانى لە کارنامەى حکومەتەکەیدا بەڵێنیدا نەخۆشخانە حکومییەکان ببوژێنێتەوە و دامەزراوەى خۆراک دروست بکات، بەڵام نەخۆشخانە حکومییەکانى پشتگوێخست و لە کابینەکەى ئەو و قوباد تاڵەبانییدا تەنانەت یەک نەخۆشخانەش دروست نەکرا، بێجگە لەوەى هیچ بڕە پارەیەکیش نادەن بە دەرمان و نەخۆش ناچارە لە دەرمانخانەکانى دەرەوە بیکڕێت.
لە کارنامەى حکومەتەکەیدا، مەسرور بارزانی وتی، نەخۆشخانە گشتییەکان رێکدەخەنەوە و گرنگى زیاتریان پێدەدەن و دامەزراوەى تەندروستى و خۆراک دروست دەکەن، بەڵام لە ماوەی کابینەکەدا تەنانەت یەک نەخۆشخانەش دروست نەکرا.
بەپێى تازەترین ئامارەکان، لە هەرێمى
کوردستاندا ٨٣ نەخۆشخانەى گشتى و ٦٢ نەخۆشخانەى ئەهلی هەن، سەربارى دڵسۆزى و
شەونخونى پزیشک و کارمەندانى کەرتى گشتى، بەڵام بەهۆى پشتگوێخستنى نەخۆشخانە
حکومییەکانەوە کەمترین خزمەتگوزارى پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێت و لە زۆربەیاندا
تەنانەت دەرمانیش نیە و نەخۆش ناچارە لە دەرەوە دەرمان بکڕێت.
لە کابینەى حکومەتەکەى مەسرور بارزانى و
قوباد تاڵەبانییدا هیچ نەخۆشخانەیەکى گشتى دروست نەکراوە و سەرجەم پڕۆژەکانى
تەندروستیش راگیراون لە شار و شارۆچکەکان.
هاوکات، بەپێى سۆراغێکى ئێن ئاڕ تى، کابینەى
حکومەتى کاربەڕێکەر نەک هیچ بڕە پارەیەکى بۆ کڕینى دەرمان خەرج نەکردووە، تەنانەت لەکاتى خۆیدا ئەو بڕە دەرمانەش وەرناگرێت کە لە بەغداوە دابین کراوە و بەهۆیەوە
نەخۆشەکان ناچارن لە دەرمانخانەکاندا بە پارەیەکى زۆر بیکڕن.
لە پێنج ساڵى رابردووشدا، سەربارى
خانەنشینبوونى هەزاران پزیشک و کارمەندى تەندروستى، بەڵام حکومەتى کاربەڕێکەر
نەیتوانیوە هیچ دەرچوویەکى بەشە پزیشکییەکان دابمەزرێنێت و بەوەش نەخۆشخانە
حکومییەکان خەریکن خاڵى دەبنەوە لە پزیشک و کارمەندی پسپۆڕ. کەواتە حکومەتى کاربەڕێکەر
نەک هیچ خزمەتێکى بە کەرتى تەندروستى نەکردووە و دامەزراوەى خۆراکى دانەمەزراند
بەڵکو نەخۆشخانە گشتییەکانى پشتگوێخست و کوالێتى خۆراکیشى بۆ نزمترین ئاست
دابەزاند.