سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی عێراق: بەهۆی حکومەتی هەرێمەوە کۆگاکردنی گەنم کەمتر بووە

PM:01:06:26/07/2024

1472 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەمەبەستی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و پاراستنی نرخی دانەوێڵە چەند گرێبەستێک بۆ دروستکردنی چەند بەرهەمێکی دانەوێڵە لەو گەنمەی لە جوتیاران وەرگیراوە ئەنجامدراوە ، وتیشی، " حکومەتی هەرێم ئاسانکاری نەکردووە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان".


ئەمڕۆ هەینی، محەمەد حەنوون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق لەبارەی عەمبارکردنی گەنمی جوتیاران ئەوەی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئار تی راگەیاند، لەماوەی وەرزی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاراندا تواندراوە بڕی شەش ملیۆن و ٣٠٢ هەزار تۆن گەنم عەمباربکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، عەمبارکردنی ئەو بڕە گەنمە بە هەماهەنگی سەرجەم لایەنەکان بووە، بەتایبەت سەرپەرشتیارانی وەزارەتی بازرگانی کە بووەتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ژێرخانی خۆراک پاراستنتی ئاستی ئاسایشی خۆراک لە عێراقدا.

 

باسی لەوەش کرد، عێراق ساڵانە پێویستی بە چوار ملیۆن تۆن گەنمە، بەڵام تواندراوە شەش ملیۆن تۆن گەنم زیاتر کۆبکرێتەوە، هەر بۆیە لەو بڕە گەنمە زیادەی کە ماوەتەوە ئاردی سفر و جۆرەکانی دیکە لەرێگای کۆمپانیا بیانیەکانەوە دروستدەکرێت. وتیشی، " دروستکردنی ئاردی سفر و جۆرەکانی دیکەی بۆ عێراق زۆرگرنگە، بەڵام حکومەتی هەرێم ئاسانکاری نەکردووە بۆ ئەوەی ئەو کۆمپانیایانە بتوانن بێنە هەرێمی کوردستان".

جەختی لەوەش کردەوە، حکومەتی هەرێم هیچ لێکتێگەیشتنێکی لەگەڵ وەزارەت و کۆمپانیا بیانییەکان نەبووە لەوبارەیەوە، ئەوەش وایکردووە کە ئاستی کۆگاکردن کەمتربێت، چونکە گەنمی پێویست بۆ کۆمپانیاکان دابینەکراوە و ئەوەش وایکردووە ئاستی بەرهەمهێنانی ئاردی سفر لە هەرێم زۆر کەم بێت.

هـ -شـ













گەلەری