سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ: راگرتنی هەندێک جۆری باج پێش هەڵبژاردن فێڵکردنە لە خەڵک

PM:06:40:24/07/2024

1488 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، راگرتنی وەرگرتنی هەندێک جۆری باج لە دوو مانگ پێش هەڵبژاردن، شتێکی کاتیە و فێڵکردنە لە خەڵکە .


ئەمڕۆ چوارشەممە، ڤیان عەبدولعەزیز پەرلەمانتاری فراکسی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێرق لە راگەیاندراوێکدا باسی لەوە کرد، راگرتنی وەرگرتنی هەندێک جۆری باج لە دوو مانگ پێش هەڵبژاردن، شتێکی کاتیە و فێڵکردنە لە خەڵکە و ئەگەر پارتی و یەکێتی دەسەڵات وەربگرنەوە و دەربچنەوە ئەوا دوای مانگی دە دۆخێکی زۆر زۆر قورستر بۆ هاولاتیان دەهێنە پێشەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر جارێکی دیکە دەسەڵات بچێتەوە ژێر دەستی پارتی و یەکێتی دۆخێکی قورستر لە دۆخی ئێستا دەهێننە ئاراوە و راگرتنی ئەو باجانەشیان بۆ فێڵکردننە

ئەوەشی خستووەتە روو، لە ئەگەری دەرچوونی پارتی و یەکێتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دۆخ زۆر خراپتر دەبێت لە هەموو روویەکەوە بۆ کاسبکار و بۆ مووچەخۆر و گەنجانی دانەمەزراو و باجیش سەد هێندە زیاد دەکەن.

حکومەتى کاربەڕێکەر لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردندا، بەڵێنى درۆ بۆ لابردنى باجەکان دەدات بە هاوڵاتیان، لە کاتێکدا زیاتر لە ٤٥٠ جۆر باجى بەسەر هاوڵاتیان و کاسبکارانی هەرێمدا سەپاندووە.

حکومەتی کاربەڕێکەر ماوەی پێنج ساڵە، لە رێگەی ٤٥٠ جۆر باجی جیاواز و کەمکردنەوەی دەستی کاری ناوخۆیی و دابەشنەکردنی مووچە و دروستکردنی قەیرانی جیاواز جیاواز، ئاستی هەڵئاوسانی بۆ ٥.٢٨٪ بەرزکردووەتەوە.

لە کابینەی نۆدا داهاتی باج بە رێژەی ٦٢١٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیووە، ئەوەش دوای ئەوەدێت کە ٤٥٠ جۆر باجی جیاواز بەسەر سەرجەم هاوڵاتیان و دووکاندار و کۆمپانیاکاندا سەپێندراوە و ئەوەش وایکردووە کە نرخی کەرەستە خۆراکییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکان بەرێژەی ٢.٢٣٪ بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی بە پشتبەستن بە راپۆرتی مانگانەی دەستەی ئاماری حکومەتی کاربەڕێکەر ئاستی هەڵئاوسان بەم جۆرەیە:

باج و نەبوونی دەستی کاری ناوخۆیی بە رێژەی ٨.٥٧٪ نرخی گۆشتی سوور و مریشکی بەرز کردووەتەوە.

بەهۆی باجی ساڵانەوە نرخی شەکر و رۆن بە رێژەی ٦.٢٣٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

بەهۆی باج و کەمکردنەوەی خەرجی نەخۆشخانەکان و دەرمانخانەکان نرخی دەرمان و کەرەستە پزیشکییەکان بەرێژەی ٢.٥١٪ بەرز بووەتەوە.

بەهۆی گۆڕانکاری لە سیستمی کارەبا بۆ سیستمی پریپەیدی و کارەبای زیرەک، نرخی کاتژمێرەکانی کارەبا بەراورد بە عێراق بە رێژەی ٦٨.١٢٪ بەرزبووەنەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

تێکڕای ئاستی هەڵئاوسان بەهۆی ٤٥٠ جۆر باج و نەڕەخساندی دەستی کارەوە، بۆ ٥.٢٨٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیووە ، لەکاتێکدا عێراق لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا ئاستی هەڵئاوسان ی بۆ ٣.٤٠٪ کەم کردووەتەوە و ئاستی دەستی کاری ناوخۆیشی بەرز کردووەتەوە.













گەلەری