سەردێڕ:

لە ٢٤ کاتژمێردا تەنها چوار کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیانی کۆیە دەدرێت

PM:11:22:23/07/2024

1056 جار خوێندراوەتەوە

کەمی پێدانی کارەبا هاوڵاتیانی کۆیەی نیگەران کردووە، بە جۆرێک لە ٢٤ کاتژمێردا ٢٠ کاتژمێر کارەبای نییە، بەرپرسانی شارەکەش دەڵێن، کەمی پێدانی کارەبا لە دەسەڵاتی ئەواندا نییە و لە سەرووی خۆیانەوە بۆیان دابین ناکرێت.


بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانییەوە هاوڵاتیانی کۆیە ناچارن مانگانە پارەیەکی زۆر بدەن بە کارەبای مۆلیدە، لەکاتێکدا، لە سنوری تەقتەق حکومەتی کاربەڕێکەر لە دوو پڕۆژەدا دەیتوانی ٨٥٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت، بەڵام بەهۆی بێپلانییەوە، نەیتوانیوە دوای ١٥ ساڵ لەو دوو پڕۆژەیە، یەک مێگاوات کارەباش بەرهەم بهێنێت.

ئەو بێکارەباییەی سنوری قەزای کۆیە ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، "ئەوە چی جۆرە حکومداری و ئیدارەدانێکە ئەم هەموو کەموکوڕییەی هەبێت؟".

لەوبارەیەشەوە، لوقمان حەوێز، بەڕێوەبەری کارەبای کۆیە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کەمی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە کۆیە لە دەسەڵاتی ئەوان نییە، بەڵکو لە سەرووی خۆیانەوە کارەبا بۆ شارەکە دابین دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دۆخی کارەبا لە هەرێم لەوپەڕی خراپیدایە و رۆژانە کەمتر لە شەش کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان دەدرێت، بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەر لەو سێ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبایەی بەرهەمی دەهێنێت، هەزار و ٦٠٠ مێگاواتی بە موسڵ و شارەکانی دیکەی عێراق دەفرۆشێت.













گەلەری