سەردێڕ:

لە پێنج ساڵدا؛ حکومەتی کاربەڕێکەر ملیۆنان دۆنم زەوی کشتوکاڵیی لەناو بردووە

PM:10:59:23/07/2024

1216 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتى کاربەرێکەر لە پێنج ساڵى رابردوودا نەک هیچ هاوکارى جوتیارانى نەکردووە، بەڵکو ملیۆنان دۆنم زەوى کشتوکاڵیی لەناو بردووە و سەدان دۆنم زەویشى لەسەر کۆمپانیاکانى تاپۆ کردووە، لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەڵبژاردنیشدا بەڵێنى هاوکارى بەرهەمی ناوخۆ دەدات و دواى هەڵبژاردن بیرى خۆى دەباتەوە.


مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە کارنامەی حکومەتەکەیدا رایگەیاند، گرنگى بە کشتوکاڵ دەدەن و بەرهەمى ناوخۆى زیاد دەکەن، بەڵام لە پێنج ساڵى رابردوودا، حکومەتى کاربەرێکەر نەک گرنگى بە کشتوکاڵ نەدا، بەڵکو زۆرترین بەربەستى بۆ ساغکردنەوەى بەرهەمى جوتیاران دروست کرد و تازەترین کێشەى زۆربەى جوتیارانى هەرێمیش، ساغنەکردنەوەى بەرهەمەکانیان بوو لە سایلۆکان و ناچار بە فرۆشتنەوەى بوون لە بازاڕى رەشدا.

بەپێى تازەترین ئامارەکان، نزیکەى ٦٠ هەزار کەس لە هەرێمى کوردستان جوتیارن و نزیکەى پێنج ملیۆن دۆنم زەوى کشتوکاڵى دێمى هەن کە شیاون بۆ داچاندنى گەنم و جۆ و دانەوێڵە، جیا لەوەش، دوو ملیۆن دۆنم زەوى بەراو هەیە کە شیاون بۆ سەوزە و میوە، بەڵام دەسەڵاتى هەرێم نەک گرنگى بە کشتوکاڵ نەداوە، بەڵکو بەپێى دواین ئامارەکان، نزیکەى دوو ملیۆن دۆنم زەوى کشتوکاڵى بە بەراو و دێمییەوە لەلایەن بەرپرسانەوە لەناو براون.

هاوکات، ئەو وڵاتانەى گرنگى بە کشتوکاڵ دەدەن، نزیکەی ١٠٪ـی بودجەى گشتىی ساڵانەیان تەنها بۆ وەبەرهێنانى کشتوکاڵ و هاوکارى جوتیاران بەکار دەهێنن، لە بەرامبەردا، ١٠ ساڵى تەواوە حکومەتەکەى پارتى و یەکێتى نەک هاوکارى جوتیارانى نەکردووە، بەڵکو هەر یاسای بودجەشى نەبووە.

بەهۆى گۆڕانى کەشوهەوا و بەرزبونەوەى نرخى خۆراک و دۆزینەوەى سەرچاوەى نوێوە، ئێستا زۆرترین گرەو لەسەر گرنگیدانە بە کشتوکاڵ و وڵاتانى ناوچەکە ساڵانە سەدان ملیار دۆلار بۆ دروستکردنى بەنداو و بوژانەوەى کشتوکاڵ و سامانى ماسى خەرج دەکەن، تەنها حکومەتى کاربەڕێکەر نەبێت، لە جیاتى هاوکارى، بەربەستى گەورە بۆ جوتیاران دروست دەکات و زەوییە کشتوکاڵییەکان لەناو دەبات و یارمەتى ساغکردنەوەى بەرهەمى ناوخۆیی نادات.













گەلەری