سەردێڕ:

سەرپەرشتیاری تیمی پڕۆژەکانی نەوەی نوێ لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیر کرا

PM:10:19:23/07/2024

3128 جار خوێندراوەتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ سەرپەرشتیاری تیمی پڕۆژەکانی نەوەی نوێ لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە لە بازگەی سلێمانی- عەربەت دەستگیر کرا.


ئەمڕۆ سێشەممە، لەکاتی گەڕانەوەی سەرپەرشتیاری تیمی پڕۆژەکانی نەوەی نوێ کە لەسەر داوای شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بە مەبەستی نۆژەنکردنەوەی یاریگای شارەکە سەردانی دەربەندیخانی کردبوو، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ سلێمانی لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیر کرا.

هاوکات، ئەو تیمەی نەوەی نوێ بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، وەرزشوانانی دەربەندیخان ئاگاداریان کردوونەتەوە کە یاریگاکەیان پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە، بۆیە ئەوانیش لەسەر داوای شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەردانی شارەکەیان کردووە و چوونەتە یاریگاکە تا داواکارییەکانی وەرزشوانانی شارەکە جێبەجێ بکەن.

باسیان لەوەش کرد، لەکاتی گەڕانەوەیاندا بۆ سلێمانی، لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە سەرپەرشتیاری تیمەکەیان دەستگیر کراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پارتی و یەکێتی خۆیان ئامادە نین خزمەتی هاوڵاتیان بکەن و رێگری لە نەوەی نوێش دەکەن خزمەتی هاوڵاتیان بکات، رۆژی ١٨ـی ئەم مانگە، هێزێکی ئەمنیی یەکێتی رێگریی لە تیمی نەوەی نوێ کرد یاریگای بیارە لە هەورامان نۆژەن بکاتەوە، لە رۆژی ١٦ـی ئەم مانگەش، بە هەمان شێوە، هێزێکی ئەمنیی یەکێتی رێگری لە تیمی نەوەی نوێ کرد یاریگای قەڵادزێ نۆژەن بکاتەوە.

ئەمە جگە لەوەی چەندین جاری دیکەش رێگری لە تیمەکانی نەوەی نوێ کراوە کە ئاوی خواردنەوە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بکەن، بەجۆرێک، لە رۆژی ٣ـی ئەم مانگە، تیمی نەوەی نوێ لە کاتی دابەشکردنی ئاوی پاک لە سنووری خەلیفان لەلایەن هێزێکی ئەمنیی پارتییەوە رێگرییان لێ کرا و بۆ ماوەی دوو کاتژمێر دەستگیر کران.













گەلەری