سەردێڕ:

خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی هەولێر دژی نەبوونی ئاوی خواردنەوە دەستی پێکردەوە

AM:11:15:23/07/2024

2348 جار خوێندراوەتەوە

دژی نەبوونی ئاوی خواردنەوە؛ خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر دەستی پێکردەوە و ئەو هاوڵاتیانە ئاماژە بەوە دەکەن، ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بێئاون و بەرپرسانی دەسەڵاتیش بێباکن بەرامبەریان و هیچ کارێکیان بۆ نەکردوون.


ئەو هاوڵاتیانە بۆ ئێن ئاڕ تی باسیان لەوە کرد، ماوەی چەندین ساڵە کێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوە لە گەڕەکەکانی هەولێر بەردەوامی هەیە و لە وەرزی گەرماشدا، دۆخی ژیانیان قورستر دەبێت بەهۆی نەبوونی ئاوی خواردنەوە، تا ئێستاش کێشەکە چارەسەر نەکراوە.

ئەوەشیان خستە روو، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە بیریان لێ داوە کەچی لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا شوێنی بیرەکەیان گواستووەتەوە، بەهۆی بێئاویشەوە ناچارن ماوە ماوە بە تانکەر ئاو بکڕن و بۆ هەر تانکەرێکیش زیاتر لە ٢٠ هەزار دینار دەدەن.

دەشڵێن، " سەرباری ئەوەی خزمەتگوزاری نییە، مووچە نییە، ئیش نییە، ئاوەکەشمان دەفرۆشن و ماوەی دوو مانگە بێئاوین".

ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و هاویندا لە هەولێر گرفتی کەمئاوی و لە چەند گەڕەکێکیش هەر ئاویان بەسەردا دابەشناکرێت، هەموو ساڵێکیش بەرپرسان بەڵێنی چارەسەریان پێدەدەن، بەڵام وەک هەموو بەڵێنەکانی دیکەی حکومەتی کاربەڕێکەر جێبەجێی ناکەن.














گەلەری