سەردێڕ:

٢٠ کاتژمێرە لە کۆیە کارەبا نییە؛ کارەبای شارەکەش هەڕەشەی کوژانەوەی کارەبا دەکات

PM:11:36:22/07/2024

1888 جار خوێندراوەتەوە

نزیکەی ٢٠ کاتژمێرە لە کۆیە کارەبای نیشتمانی نییە و هاوڵاتیان باس لەوە دەکەن بەو هۆیەوە زیانیان پێگەیشتووە و پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی کارەبای شارەکە رایگەیاند، ئەو بەشداربووانەی پارەی کارەبایان لایە ئەگەر پارەکە نەدەن کارەبای ماڵەکانیان دەبڕن.


ئەمڕۆ دووشەممە، لە کاتژمێر چواری بەرەبەیانییەوە تەنها دوو کاتژمێر کارەبای نیشتمانی دراوە بە هاوڵاتیانی کۆیە و لوقمان حەوێز بەڕێوەبەری کارەبای کۆیەش هۆکارەکەی بۆ کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێم گەڕاندەوە.

بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانییەوە هاوڵاتیانی کۆیە ناچارن مانگانە پارەیەکی زۆر بدەن بە کارەبای مۆلیدە لەکاتێکدا، لە سنوری تەقتەق حکومەتی کاربەڕێکەر لە دوو پڕۆژەدا دەیتوانی ٨٥٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت، بەڵام بەهۆی بێپلانییەوە نەیتوانیوە دوای ١٥ ساڵ لەو دوو پڕۆژەیە یەک مێگاوات کارەباش بەرهەم بهێنێت.

هاوکات، دەسەڵاتدارانی کۆیە هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە لەسەر نەدانی کارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتیانی کۆیە و دانیشتوانی ئەو شارە ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی بێ کارەباییەوە کرێی کارەبای مۆلیدە لەسەریان زیاد بووە و دەسەڵاتداران بەدەم خەم و پێداویستی هاوڵاتیانەوە نایەن.

ئەوەش دەخەنە روو، حکومەتی کاربەڕێکەر مووچەیان لە کاتی خۆیدا پێنادات و کارەبای نیشتمانیشیان کەمکردووەتەوە و بەهۆیەوە بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان دروست بووە.













گەلەری