سەردێڕ:

کابینەی نۆ بانگەشەی چاکسازی و پێدانی مووچەی دەکرد بەڵام لێبڕینی داهێنا

PM:10:22:20/07/2024

1560 جار خوێندراوەتەوە

کابینەی نۆ پێش دەستبەکاربوونی، بانگەشەی چاکسازی و کەمکردنەوەی خەرجی و پێدانی مووچەی دەکرد لە وادەی خۆی، بەڵام نەک چاکسازی نەکرد بەڵکو مووچەی چەندین هاوڵاتی بڕی، سەرەڕای راگرتنی دامەزراندنیش مانگانە داوای پارەی زیاتر لە بەغدا دەکات.


کابینەی نۆ؛ ئەو کابینەیەی کە بانگەشەی چاکسازی و گێڕانەوەی مووچە فەوتاوەکانی دەکرد، بەڵام داهێنانى کرد لە چەوسانەوەى مووچەخۆراندا.

پێش پێکهێنانی کابینەی نۆ، پارتی و یەکێتی لە بانگەشەکانیاندا بەڵێنی چاکسازی و گێڕانەوەی پاشەکەوت و پێدانی مووچەیان دا لە وادەی خۆی، بەڵام نەک مووچەیان لەوادەی خۆی نەدا بەڵکو لێبڕینیشیان داهێنا و دەستیان برد بۆ قوتی هاوڵاتییان.

جیا لەوەش بەناوی چاکسازی وتیان خەرجی کەم دەکەنەوە، کەچی مووچەی چەندین هاوڵاتییان بڕی و مانگانەش بۆ مووچە داوای پارەی زیاتر لە بەغدا دەکەن، بەشێوەیەک لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا بۆ هەر مانگێک٤٧ملیار دیناریان زیاد کردووە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە دامەزراندن راگیراوە و لە ٢٠١٥ـەشەوە پلەبەرزکردنەوە راگیراوە.

هاوکات، لەماوەی کابینە شکستخواردووەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دا لێبڕینی مووچەیان کرد بە سوپرایز بۆ مووچەخۆران و لە ماوەی کابینەکەدا کە لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩ دەستبەکار بوو، ١٠ مووچەیان بە لێبڕینەوە دابەش کرد و١٠ مووچەشیان هەر دابەش نەکرد.

جگە لەوەش، کۆی ئەو پارانەی بە مووچەخۆران نەدراوە بە ١٠ ترلیۆن و ٩٨٦ ملیار دینار دەخەمڵێنرێت، کە نۆ ترلیۆن و ١٢٣ ملیار دیناری مووچەی ١٠ مانگە کە هەر دابەش نەکراوە و یەک ترلیۆن و ٨٦٣ ملیار دیناریشی مووچەی ١٠ مانگی دیکەیە کە بەهۆی لێبڕینەوە نەدراوە.

سەرەڕای ئەو قەیران و شکستانە و بڕین و دابەش نەکردنی مووچەی مووچەخۆران، کابینەی نۆ باج و رسوماتیشی لەسەر هاوڵاتیان چەندین قات زیاد کرد و ئەوەش هێندەی تر خەڵکی تووشی مەینەتی کردووە.













گەلەری