سەردێڕ:

جوتیاران: بەهۆی دەستوەردانی بەرپرسانەوە گەنمەکانمان لێ وەرنەگیراوە

PM:06:19:20/07/2024

952 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە جوتیارانی هەرێم نیگەرانن لەوەی کە ئەمساڵ گەنمێکی زۆریان ماوەتەوە و حکومەتی کاربەڕێکەر لێی وەرنەگرتوون، وەک خۆشیان دەڵێن، بەهۆی دەستوەردانی بەرپرسان لە هێنانی گەنمی دیکە و کڕینەوەی رەسیدی سایلۆکانەوە گەنمەکانیان وەرنەگیراوە.


جوتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر و دەشتی مەخمور ماوەی نزیکەی مانگێکە گەنمەکانیان لەبەردەم سایلۆکاندا راگرتووە و داوای ساغکردنەوەی گەنمەکانیان دەکەن، وەک خۆشیان دەڵێن، سەرەیان بەرنەکەوتووە بەهۆی دەستوەردانی بەرپرسان لە هێنانی گەنمی دیکە و کڕینەوەی رەسیدی سایلۆکان.

ماوەی دوو ساڵە حکومەتی کاربەڕێکەر دوو کۆمپانیای دامەزراندووە بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بە نرخی سایلۆکان، بەڵام بەردەوام لەو نرخە کەمتریان بە جوتیاران داوە و ئەمساڵیش تا ئێستا ئامادەنین لێیان وەر بگرن .

لەکاتێکدا، هەر جوتیارێک زیاتر لە ٤٠ تەن گەنم بەرهەمی هەبووە حکومەتی عێراق ئەوەی بەشی سایلۆ بووە وەری گرتووە بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم نەیتوانیوە ئەو بەرهەمەی ماوەتەوە بۆ جوتیارانی ساغ بکاتەوە.

هاوکات، بۆ کێشەی ئەم جوتیارانە ئێن ئاڕ تی پەیوەندی بە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمەوە کرد و وەزارەتەکە رایگەیاند، ئەوەی وەسڵی هەبێت هەموو گەنمەکەی لێ وەردەگیریت ئەوی دیکە دەبێت حکومەت لە ناوخۆدا ساغی بکاتەوە و جوتیاران بە بازاڕی بکەن .

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی ساڵانێکی زۆرە جوتیارانی هەرێم رووبەڕووی کێشەی وەرنەگرتنی گەنمەکانیان و نەگەڕانەوەی پارەی گەنمەکانیان بوونەتەوە، لەبەرامبەریشدا حکومەتی کاربەڕێکەر کەمتەرخەمبووە بەرامبەریان و بەپێی پێویست هاوکاری نەکردوون.













گەلەری