سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکى نەوەى نوێ: سودانی دڵنیایی داوە لەوەی کێشەى مووچەى هەرێم چارەسەر کراوە

PM:03:11:20/07/2024

1924 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکى نەوەى نوێ رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانى عێراق دڵنیایی داوە کە کێشەى مووچەى هەرێم لە بەغدا چارەسەر کراوە و بەپێى بڕیارى دادگاى فیدڕاڵى هەموو مانگێک لە کاتى خۆیدا پارەی مووچە رەوانە دەکرێت.


ئومێد محەمەد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو گرفتانەی لەم ماوەیەدا لەسەر مووچە دروستبوون پەیوەندییان بە نەناردنی لیست و بوونی گرفت لە لیستەکەدا بووە، ئەگەر نا کێشەی مووچە بە تەواوی چارەسەر کراوە.

وتیشی، "لەو باوەڕەدام بابەتی بەبانکیکردنی مووچە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ کۆتایی پێدێت".

ئەوەشی خستەڕوو، چۆلەکەیەک لە ئاسمان قاچی بشكێت بەهۆی یەکێتی و پارتییەوەیە، بۆیە هەر گرفتێک هەبێت ئەوان هۆکارەکەین و نەدان و دواکەوتنی مووچە کێشەیە، ئەگەر نا دابەشکردنی مووچە لەکاتی خۆیدا منەت نییە و پێویستە وابێت.

دەشڵێت، بەشێک لە بڕگەکانی یاسای مووچەی خانەنشینی گفتوگۆی لەسەرە و ئەگەر ئەوە یەکلا بێتەوە ئەوە هەنگاوەکانی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم خێراتر دەکرێت.

لە ٣ی ئەم مانگەدا حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، دەبێت تەواوی وەزارەتەکان لە ١٠ رۆژی یەکەمی هەموو مانگێکدا لیستی مووچە رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق بکەن. لەکاتێکدا، ئەمڕۆ ٢٠ی ٧ـە و هێشتا لیستی مووچەی ئەم مانگە رەوانەی بەغدا نەکراوە.













گەلەری