سەردێڕ:

ئەمڕۆ کۆتا رۆژی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانە

PM:01:36:20/07/2024

944 جار خوێندراوەتەوە

دوای تێپەڕبوونی ١٤ رۆژ بەسەر وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی عێراق و هەرێم، ئەمڕۆ وەک کۆتا وادەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دیاریکراوە، لەو بارەیەشەوە وەزیری بازرگانی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تاوەکو کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو گەنم لە جوتیاران وەردەگیرێت.


ئەمڕۆ شەممە، کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەمەبەستی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران وەک کۆتا رۆژ پەیوەندیان بە سایلۆکانەوە کردووە، کە تاوەکو کاتژمێر ١٢ـی شەو بەردەوامدەبن لە وەرگرتنی گەنم.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو جوتیارانەی کە پسوڵەی گەنمیان هەیە و تا ئێستا گەنمەکانیان رادەستی سایلۆکان نەکردووە پێویستە ئەمڕۆ گەنمەکانیان رادەستبکەن. وتیشی، "بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی ٧٠٠ هەزار دینار دەدرێت بە جوتیاران".

پێشتریش، وەزارەتی بازرگانیی عێراق وادەی کۆتاییهاتنی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی دیاریکرد و رایگەیاند، ٢٠ـی تەمموز کە دەکاتە رۆژی شەممە، کۆتا وادە دەبێت بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم.

باس لەوەش کراوە، تا درەنگانی شەوی ٢٠ـی تەمموز پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت تاوەکو زۆرترین بڕی گەنم وەربگیرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٧ـی نیسانی ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بە پەسەندکردنی نرخی یەک تۆن گەنم بە ٨٥٠ هەزار دینار بۆ وەرزی ئێستا، لە داهاتووشدا بۆ بەدەستهێنانی قازانجێکی گونجاو بۆ جوتیاران، گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا دەکرێت.

لە هەرێمی کوردستانیش لە رۆژی ٦ـی حوزەیرانەوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران کراوە و لەوبارەیەوە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، بە گوێرەی رێکەوتنەکانیان بڕیارە بڕی ٧٠٠ هەزار تۆن گەنم وەربگیرێت و بۆ هەر تەنێک لە گەنم بڕی ٨٥٠ هەزار دینار دەدرێتە جوتیارانی هەرێم، بەراورد بە ساڵی رابردوو ٢٠٠ هەزار تۆن گەنم زیاتر وەردەگیرێت.

هێرش قادر – هەولێر













گەلەری