سەردێڕ:

کارەبا پچڕا و سعودیە قەرەبووی هاوڵاتییانی کردەوە؛ بەڵام لە هەرێم کارەبا دەفرۆشرێتەوە

AM:10:03:20/07/2024

1904 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆى پچرانى کارەباوە لە وڵاتانى جیهان قەرەبووى هاوڵاتییان دەکرێتەوە، لە هەرێمیش حکومەتى کاربەڕێکەر لە چلەى هاوین کاتژمێرەکانى پێدانى کارەبا کەمدەکاتەوە.


حکومەتى سعودیە رایگەیاند، بەهۆى پچڕانى کارەبا لە شاری شەرورە بۆماوەى چەند کاتژمێرێک، داواى لێبوردن لە هاوڵاتییان دەکەن و بە بڕى ٥٠٠ دۆلاریش قەرەبوویان دەکەنەوە.

بەڵام لە هەرێمى کوردستان، لەگەڵ تاوسەندنى زیاترى گەرمادا حکومەتى کاربەرێکەر تادێت کاتژمێرەکانى پێدانى کارەباى نیشتیمانى کەمتر دەکاتەوە، بەشێوەیەک ئێستا کەمتر لە شەش کاتژمێر کارەبا دەدرێت بە هاوڵاتییان و نزیکەى هەزار و ٦٠٠ مێگاوات کارەباش دەفرۆشرێت بە عێراق.

لەکاتێکدا پلەکانى گەرما لە عێراق و هەرێمى کوردستان لەسەر ئاستى جیهان بەرزترین پلەیان تۆمارکردووە و هاوڵاتییان لە هەر کاتێک زیاتر پێویستیان بە کارەبا هەیە، حکومەتى کاربەرێکەر کارەباى خەڵکى هەرێمى کوردستانى فرۆشتووە بە موسڵ و دیالە و شارەکانى دیکە. بەشێوەیەک لە سێ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا نزیکەى هەزار و ٦٠٠ مێگاوات کارەباى فرۆشتووە، بەوەش کەمترین بڕى ماوەتەوە و ئێستا هاوڵاتییانى هەرێم نزیکەى پێنج کاتژمێر کارەبایان لە شەو و رۆژێکدا پێدەدرێت و باقییەکەى بە کارەباى مۆلیدە پڕ دەکرێتەوە و ئەوەش لەسەر گیرفانى خەڵک.

بۆ ئەوەى کارەباى ٢٤ کاتژمێرى بدرێت بە هاوڵاتییان دانیشتووانى هەرێمى کوردستان پێویستییان بە نزیکەى حەوت هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام ئێستا نزیکەى سێ هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت و دەتوانرێت لانیکەم ١٢ کاتژمێر کارەباى نیشتیمانى پێبدرێت، بەڵام دەسەڵاتدارانى هەرێم ٣٣%ى ئەو کارەبایەیان فرۆشتووە بە عێراق و بەوەش کەمترین بڕى کارەبا دەدرێت بە خەڵک.

لە ٣٢ ساڵى رابردوودا پارتى و یەکێتى هەموو هەڵبژاردنێک بەڵێنى کارەباى ٢٤ کاتژمێرییان بە خەڵک داوە و دواترى بیرى خۆیانى دەبەنەوە، بۆیە پێشبینى کراوە لەگەڵ گەرمبوونى هەڵمەتى ئەم هەڵبژاردنەشدا جارێکى دیکە بانگەشەى ئەوە بکەن کارەبا دابین دەکەن.













گەلەری