سەردێڕ:

ماوەی دوو رۆژە ئاگر سنوورەکانی چیای برادۆستی گرتووەتەوە

PM:03:15:19/07/2024

1056 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی دوو رۆژە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانەوە ئاگر لە چەند شاخ و دارستانێکی سنووری برادۆست کەوتووەتەوە و تا ئێستاش کۆنتڕۆڵ نەکراوە، بەگوێرەی زانیارییەکان دانیشتوانی گوندەکانی ئەو سنوورە بەهۆی ترسیان لە بۆردوومانەکان ناتوانن ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.


ماوەی دوو رۆژە چەندین فڕۆکەی جەنگی سنوورەکانی چیای شەکیو، کوێستانەکانی رۆبی و رواڵ، چیای بەشکان و دەوروبەری گوندی لێتان و شێخ رەش لە سنووری چیای برادۆستی سۆران بۆردوومان دەکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانانەدا ئاگرێکی گەورە ئەو سنوورانەی گرتووەتەوە و تا ئێستاش کۆنتڕۆڵ نەکراوە و هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیەش بەهۆی بۆردوومانەوە ناتوانن ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.

لەماوەی ٤٨ کاتژمێری رابردوودا ١٤ جار ئەو ناوچانە بۆردوومان کراون و بە تێکڕاش ٢١ جار ناوچە جیاوازەکانی ئەو سنوورەی کوردستان بۆردوومان کراون.

ئەوەش لە کاتێکدایە، فڕۆکە جەنگییەکان لە رۆژی چوارشەممەوە بەردەوامن لە بۆردوومانکردنی ناوچە سنوورییەکان و بەتایبەتیش سنووری برادۆست کە ئەوەش بووەتە هۆی ترس لەلای دانیشتوانی ئەو ناوچەیە.

بۆردوومانەکان لە ماوەی یەک مانگدا؛

لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە لەماوەی ١٧ـی حوزەیرانی ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە ٣٩٥ بۆردوومان ئەنجامدراوە کە بەهۆیەوە زیاتر لە ١٠ گوند چۆڵکراون و ١٨٥ خێزانی کوردیش ناوچەکانیان جێهێشتووە.

هاوکات بەهۆی بۆردوومانەکانەوە زیاتر لە ٧٠ هەزار دۆنم زەوی سووتاون و زیانیان پێگەیشتووە، جگە لەوەی زیان بە دوو سەرچاوەی ئاوی و ١٩ ماڵ گەیشتووە، ئەو بۆردوومانانەی کە کراون کارەبا و ئاوی چەندین گوندی بڕیوە، چونکە وێستگەی کارەبا و سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو ناوچانە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی ئەمساڵدا بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانەوە هەشت هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بە سەختی برینداربوون، لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردووشدا زیاتر لە ٤٠ هەزار هاوڵاتی لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان و رۆژئاوا زیانیان پێگەیشتووە.

کەریم کەیفی – سۆران













گەلەری