سەردێڕ:

وادەی راگەیاندنی ئەنجامەکانی پۆلی ١٢ دیاری کرا

PM:05:13:17/07/2024

10684 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، رۆژی هەینی ئەم هەفتەیە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەمی پۆلی ١٢ رادەگەیەنن.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە ئەمڕۆ کۆتا تاقیکردنەوەی خوێندنی تورکمانی و سریانی و پیشەیی تەواوبووە.

باسی لەوەش کردووە، "رۆژی هەینی ١٩ ی تەمووزی ٢٠٢٤، کاتژمێر ٨ ی ئێوارە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامی تاقیکردنەوە گشتییەکان ڕادەگەیەنین."

بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى پەروەردە، ئەمساڵ ١٢٢ هەزار و ١٥ خوێندکار مافى بەشداریکردنیان لە تاقیکردنەوەکاندا هەبووە، زیاتر لە دوو هەزار هۆڵیش بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادەکراون.

پێشتریش، دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەبارەی وەرگرتنی خوێندکارانی پۆلی ١٢ لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە خوێندنی باڵای هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاندبوو، چەند جارێک داوایان کردووە کە سیستمی وەرگرتنی خوێندکار لەو زانکۆ و پەیمانگایانەدا بگۆڕێت، چونکە خوێندکارێک کە لە نمرەی ٥٠ـەوە دەرچووە و ناکرێت نمرەکەی ئەوەی بۆ دیاریبکات بچێتە کوێ، بەڵکو دەبێت حەز و خولیای خوێندکار بەشدار بێت لە پڕۆسەکەدا و کۆلێژەکان بەپێی پێویستی خۆیان تاقیکردنەوە دابنێن و خوێندکار تاقیکردنەوە بکات لەو کۆلێژەی دەیەوێت.


 













گەلەری