سەردێڕ:

لەماوەی ١٢ کاتژمێردا؛ سێ ناوچەی هەرێم بۆردوومان کراون

AM:11:09:17/07/2024

2036 جار خوێندراوەتەوە

لەماوەی ١٢ کاتژمێری رابردوودا سنووری برادۆست و پێنجوێن و ناوچە سنورییەکان لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە بۆردوومانکراون، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە، ئەوەش بە سێیەم بۆردوومانکردن دادەندرێت لەماوەی ئەم هەفتەیەدا.


کەمێک پێش ئێستا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە، چەند گوندێکی سنووری پێنجوێن و ناوچەی بادانە لە ناڵپارێز بۆردوومانکران، بەهۆیەوە چەندین زەوی گوندەکانی سنوورەکە سووتاون.

هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان، بەر لەوەی ئاگرەکە زیاتر تەشەنە بسەنێت لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە کۆنترۆڵکراوە، کە ئەمە بەسێیەم بۆردوومان دادەنرێت لەم هەفتەیەدا لە پێنجوێن.

لەلایەکی دیکەشەوە، دوێنێ شەو لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگییەوە سنووری چیایی بۆڵێ لە برادۆرست بۆردوومانکرا، کە بەهۆیەوە چەندان زەوی سووتان، بەڵام زیانیی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

بۆردوومانەکان لە ماوەی یەک مانگدا؛

لەوبارەیەشەوە، رێکخراوی سی پی تی لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە لەماوەی ١٧ـی حوزەیرانی ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە ٣٨٧ بۆردوومان ئەنجامدراوە کە بەهۆیەوە زیاتر لە ١٠ گوند چۆڵکراون و ١٨٥ خێزانی کوردیش ناوچەکانیان جێهێشتووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە زیاتر لە ٦٨ هەزار دۆنم زەوی سوتاون و زیانیان پێگەیشتووە، جگە لەوەی زیان بە دوو سەرچاوەی ئاوی و ١٩ ماڵ گەیشتووە. وتیشی، "ئەو بۆردوومانانەی کە کراون کارەبا و ئاوی چەندین گوندی بڕیوە، چونکە وێستگەی کارەبا و سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو ناوچانە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی ئەمساڵدا بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانەوە ٨ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بەسەختی برینداربوون، لەماوەی ٤٠ ساڵی رابردووشدا زیاتر لە ٤٠ هەزار هاوڵاتی لە ناوچە جیاوازەکانی باشوری کوردستان و رۆژئاوا زیانیان پێگەیشتووە.













گەلەری