هێزێکی ئەمنی یەکێتی رێگری لە تیمی نەوەی نوێ دەکات یاریگای قەڵادزێ نۆژەن بکاتەوە و حەوت ئەندامی تیمەکەیان دەستگیر کرد.
دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هاندەران و وەرزشدۆستانی قەڵادزێ داوایان لە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کرد یاریگای قەڵادزێیان بۆ نۆژەن بکاتەوە کە ماوەی چەند ساڵێکە داوای دەکەن و وەڵامیان نادرێتەوە، سەرۆکی جوڵانەوەکە تیمی ئەندازیاری نەوەی نوێی راسپارد بۆ نۆژەنکردنەوە.
بەیانی ئەمڕۆ تیمی
ئەندازیاری نەوەی نوێ چوونە یاریگاکە و دەستیان بە کارکردن کرد، سەرەڕای ئەوەی
بەڕێوەبەری یاریگاکە بەیانییەکەی ئامادەبوو و سوپاسی تیمەکەی کرد کە بەدەم نۆژەنکردنەوەی
یاریگاکەوە چوون، بەڵام هێزێکی ئەمنی یەکێتی گەیشتنە شوێنەکە و داوایان کرد
کارەکانیان رابگرن.
تیمەکەی نەوەی نوێ بۆ
هێزە ئەمنییەکەی یەکێتی ئاماژەیان بەوەکردبوو، کە ئەوان خزمەت بە خەڵک دەکەن و
بەدەم داوای خەڵکەوە چوون. بەڵام هێزەکە باسیان لەوەکردووە، کە لەسەروو خۆیانەوە
فەرمانیان پێکراوە رێگە نەدەن ئەوان یاریگاکە نۆژەن بکەنەوە.
ئەو هێزە حەوت ئەندامی
تیمەکەیان دەستگیرکردووە و پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، ئەوانی دیکە خۆیان
لە شوێنەکە دەرباز کرد و دەستگیر نەکران.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هێزە
فەرمانی دادوەریان پێنەبووە، بەڵکو تەنها فەرمانیان پێکراوە و لە ئێستاشدا نازانرێت
ئەو حەوت ئەندامەی تیمەکەیان بۆ کوێ گواستووەتەوە.