سەردێڕ:

لەبارەی بەبانکیکردنی مووچەوە وەزارەتی دارایی بڕیارێکی نوێی دا

PM:06:26:15/07/2024

3148 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی نوسراوێک کە کۆپییەکی دەست دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی کەوتووە، وەزیری دارایی عێراق هەر یەک لە بانکە حکومییەکانی پەیوەست بە پلانی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی راسپارد کە بەخێرای دەست بە پڕۆسەکە بکەن.


ئەمڕۆ دووشەممە، لە نوسراوێکدا تەیف سامی، وەزیری دارایی و ئابووریی عێراق، کە ئاڕاستەی هەریەک لە بانکەکانی (رافیدەین، رەشید، بانکی بازرگانی عێراق) کراوە، داوای کردووە کە بەبانکیکردنی مووچە بەخێرای بەڕێوەبچێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، پێویستە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لەلایەن بانکە حکومییەکانەوە ئەنجام بدرێت نەوەک بانکێکی دیکە. 

لەلایەکی دیکەشەوە، موعین کازمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەرێگای بانکە حکومییەکانەوە ئەنجام دەدرێت، نەوەک بانکە حزبییەکان، چونکە ئەوە پێچەوانەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراقە. وتیشی، "جەختمان لە پاراستنی مافی مووچەخۆرانی هەرێم کردووەتەوە".

مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەسایەی حکومڕانی یەکێتی و پارتیدا هیچ مانگێک مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا وەرناگرن، ئەوەش جگە لەوەی لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان مووچەکانی مانگی پێنج و شەشیان وەرنەگرتووە، حکومەتی کاربەڕێکەر بارگرانیش بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروست دەکات.













گەلەری