سەردێڕ:

بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە؛ دانیشتوانی تەقتەق گردبوونەوە

AM:10:24:14/07/2024

1304 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە، بەشێک لە دانیشتوانی تەقتەق گردبوونەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، "نە ئاومان هەیە نە کارەبا ئەوە جگە لە خراپی رێگاوبانەکانمان، تائێستاش بەرپرسانی شارەکە نەهاتوون بەدەم داواکانمانەوە".


ئەو هاوڵاتیانە بۆ ئێن ئاڕ تی باسیان لەوە کرد، ماوەی دوو رۆژە ئاویان نییە و ناچارن بە دەبە ئاو بهێنن یاخود بە تانکەر ئاو بکڕن کە بۆ هەر تەنکارێک دەبێت ٢٠ هەزار دینار بدەن.

ئاماژەیان بەوەش کرد، بەهۆی نەبوونی ئاوەوە، پڕۆژەی ماسییەکانیان لەناودەچێت و رەز و باخەکانیان بەرەو وشک دەچن. دەشڵێن، هەر رۆژەی بە بیانوییەک دەڵێن کارەباتان پێ نادەین.

راشیان گەیاند، ئەگەر بەرپرسانی شارەکە خۆیان بە خاوەن دەزانن و لە خزمەتی هاوڵاتیاندان بۆ ناچن بەدەم داواکانیانەوە.

ئەوەشیان خستە روو، سەرباری ئەوەی رێگاوبانەکانیان خراپە، ئێستا نەبوونی ئاو و کارەباشی هاتووەتە سەر، ئەوەش دۆخی ژیانیانی خراپتر کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا چەندین جار دانیشتوانی کۆیە و تەقتەق و گوندەکانی دیکەی ئەو سنوورە، دژی خراپی رێگاوبان و کەم خزمەگوزاری گردبوونەتەوە و ناڕەزاییان دەربڕیوە، بەڵام وەک هەمیشە حکومەتی کاربەڕێکەر بێباکە لێیان و تەنها بەڵێنیان پێ دەدات و کێشەکانیان بۆ چارەسەر ناکات.













گەلەری