سەردێڕ:

بەڕێوەبەری ئاوی سۆران: بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە نزیکەی ٢٥٠٠ خێزان بێئاو دەبن

AM:11:46:13/07/2024

11696 جار خوێندراوەتەوە

رووداوێکی هاتۆچۆ لە جۆری وەرگەڕان لە رێگای جوندیان روویداوە و بەڕێوەبەری ئاوی سۆرانیش بەدیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رووداوەکە بووەتە هۆی شکانی هەردوو بۆری ئاوی سەرەکی جوندیان و بەهۆیەوە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ خێزانی سنوورەکە بێئاو دەبن.


رووداوێکی هاتوچۆ لە جۆری وەرگەڕان لەسەر رێگای جوندیان روویداوە کە بارهەڵگرێک وەرگەڕاوە و کەوتووە بەسەر هەردوو بۆڕی ئاوی سەرەکی جوندیاندا.

لەو بارەیەوە تەحسین سەعدوڵا بەڕێوەبەری ئاوی سۆران بەدیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەرگەڕانی ئەو ئۆتۆمبێلە بووەتە هۆی شکانی بۆرییەکە، کە بەهۆیەوە هەریەک لە گوندی کەورین و گەڕەکی جوندیان بێ ئاو دەبن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەی ئەو خێزانانەی بەهۆی شکانی بۆڕییەکانەوە بێئاو دەبن نزیکەی دوو هەزار ٥٠٠ خێزانە. دەشڵێت، "جارێ نازانین کە بۆریەکە کەی چاکدەکرێتەوە، چونکە تەنکەرەکە کەوتووە بەسەر بۆرییەکاندا کە درێژیان ٣٠ مەترە، بۆیە کەی تەنکەرەکە لابرا دەستبەچاککردنەوەی بۆرییەکە دەکرێت".

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، بەهۆی خراپی کوالێتی رێگاکە و نەبوونی راگڕ لەسەر رێگاکەدا، بارهەڵگرەکە نەیتوانیوە خۆی بگرێتەوە و لە ئەنجامدا وەرگەڕاوە و کەوتووە بەسەر هەردوو بۆرییەکەدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ساڵانە بەهۆی خراپی رێگاوبانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانەوە سەدان روودای هاتوچۆ روودەدەن و لە ئەنجامدا چەندین کارەساتی لێدەکەوێتەوە.

بەشێکی شۆفێران هۆکاری ئەو رووداوانە بۆ خراپی رێگاوبانەکان دەگەڕێننەوە و بەشێکیشی بۆ پابەند نەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانی هاتوچۆ، هاتوچۆش هۆکاری رووداوەکان بێبەری ناکات لە خراپی والێتی رێگاوبانەکان و داواش لە شۆفێران دەکات، زیاتر پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ بن و دووربن لە تیژڕۆیی.

کەریم کەیفی - سۆران

No description available.No description available.












گەلەری