سەردێڕ:

هۆکارە شاراوەکانی شێرپەنجە لە ناو ماڵدا چین؟

PM:07:48:12/07/2024

3024 جار خوێندراوەتەوە

توێژەران پشتڕاستیان کردەوە کە کردنەوەی پەنجەرەکان بۆ ماوەی ١٠ بۆ ١٥ خولەک لە رۆژێکدا دەبێتە هۆی رزگاربوون لە پیسی زیانبەخشی کەلوپەلەکانی ناوماڵ.


لە راپۆرتێکدا کە ماڵپەڕی "میرۆر"ی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە زۆرجار کوالێتی هەوا لە ماڵەکاندا پشتگوێ دەخرێت، ئەمەش دانیشتوانەکەیان رووبەڕووی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک شێرپەنجە دەکاتەوە.

شارەزایان دەڵێن، سەرچاوەکانی پیسبوون بریتین لە فەرش، غازی چێشت لێنان، گەرمکەرەوە، شێ و جلشۆر. ئاماژەیان بەوەش کردووە، رەنگە ئەم پیسکەرانە شاراوەبن، بەڵام گاز و تۆز و پیسی و ماددە کیمیاییەکان و تەنانەت مووی ئاژەڵە ماڵییەکانیش لەخۆدەگرن.

توێژینەوەیەک کە لەلایەن پەیمانگای نیشتمانی بۆ تەندروستی و چاودێری ئەنجامدراوە ئاشکرای کردووە، نزیکەی ٩٠٪ـی خەڵک کاتەکانیان لە ماڵەوە بەسەر دەبەن، ئەمەش لەدوای پەتای کۆرۆناوە زیادی کردووە.

شارەزایان ئاماژە بە گرنگی پاراستنی کوالێتی هەوای ناوماڵ لە ماڵدا دەکەن، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماڵەوە کاردەکەن.

شارەزایان رایانگەیاندووە، ئەگەری هەیە گەردیلە زۆر وردەکان بچنە ناو خوێنەوە و کاریگەرییان هەبێت لەسەر ئەندامە گرنگەکان.

ئەوەشیان خستووەتە روو، فەرش دەتوانێت ببێتە شوێنی زاوزێکردن بۆ گەردیلە زیانبەخشەکانی وەکو کۆپان و قارچک، هەروەها پێشنیاریان کردووە کە زەوی دار یان پاککەرەوەی زۆر بە بەردەوامی بەکاربهێنرێت.

سەبارەت بە بەرهەمە پاککەرەوەکان، لەوانەیە ماددەی کیمیایی ژەهراوییان تێدابێت کە رەنگە ببێتە هۆی چەندین کێشەی تەندروستی، بۆیە واباشە پێکهاتەی سروشتی و بێ ژەهر بەکاربهێنرێت.

توێژەران هۆشداریش دەدەن لە وشککردنەوەی جل و بەرگ لە ژوورەوە، چونکە دەبێتە هۆی گەشەکردنی کۆپانی تۆز، هەروەها ئامۆژگاری کردنەوەی پەنجەرەی ژوورەکانیش دەکەن بۆ وشکبوونەوە.













گەلەری