سەردێڕ:

کاوە عەبدولقادر: بەشداری کارای هاوڵاتیان لە هەڵبژاردن گرەنتی گۆڕانکاریی دەبێت لە دەسەڵات

PM:09:37:11/07/2024

1216 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، هەڵبژاردن گۆڕانکاری دروست دەکات هەربۆیە بەشداری کارای هاوڵاتیان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێم گرەنتی گۆڕانکاریی دەبێت لە دەسەڵات. دەشڵێت، "پارتی و یەکێتی شکستیان لەحکومڕانی هێناوە و پێویستە هاوڵاتیان لە هەڵبژاردن سزایان بدەن".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاوە عەبدولقادر سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە خولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە هەردوو وڵاتی بەریتانیا و فەڕەنسا هاوڵاتیان بڕیاریاندا دەسەڵات بگۆڕن، بەشداری کارای هاوڵاتیانیش لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێم گرەنتی گۆڕانکاریی دەبێت لە دەسەڵات.

باسی لەوەش کرد، پێویستە لە هەڵبژاردن هاوڵاتیان هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە دەسەڵات نیشان بدەن و پارتی و یەکێتی لە دەسەڵات دووربخەنەوە چونکە تا ئەو کاتەی ئەوان حکومڕانی بکەن، هاوڵاتیان خێروخۆشی نابینن.

ئەوەشی خستە روو، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی زۆرترین قەیرانیان رووبەڕووی هاوڵاتیان کردووەتەوە. وتیشی، "ئێمە وەکو نەوەی نوێ رۆژانە لەناو هاوڵاتیانین و دەزانین هاوڵاتیان چەند نیگەرانن لەم دەسەڵاتە".

ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی هەرێم ماوەی حەوت مانگە رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشێت، کەچی بەپارەی نەوت و داهاتی ناوخۆش نەیتوانیوە پڕۆژەیەکی ستراتیژی هەبێت. وتیشی، دەسەڵات لە هەرێم زۆر بێباکە لە هێزە ئەمنییەکان و ئامادەنەبوو لەداهاتی ناوخۆ تەنانەت یەک مووچەشیان پێبدات.

کاوە عەبدولقادر راشیگەیاند، نەوەی نوێ دەیەوێت دوای هەڵبژاردن لەرێگەی بەغداوە مووچە چاک بکاتەوە و باج لەسەر هاوڵاتیان لابدات. وتیشی، "لەدوای هەڵبژاردن ئامانجمان جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمان و خزمەتکردنی هاوڵاتیانە".













گەلەری