بانکی ناوەندی بەردەوامە لە بەرزکردنەوەی ئاستی فرۆشی رۆژانەی بەشێوەیەکی بەرچاو، ئەمڕۆش بەگوێرەی خواستی بازرگانان و بانکەکان زیاتر لە ٢٧٣ ملیۆن دۆلار بەنرخی فەرمی خراوەتەڕوو، لە ئێستاشدا ١٠٠ دۆلار بە ١٤٨ هەزار و ٧٥٠ دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بانکی ناوەندی عێراق لەرێگای سەکۆی خستنەڕووی دراوی بیانی رایگەیاند، لەلایەن بانکە رێگەپێدراوەکان و بازرگانانی ناوخۆ و دەرەکی بڕی ٢٧٣ ملیۆن و ٦٩١ هەزار و ٦٦٦ دۆلار بە نرخی فەرمی فرۆشراوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، تاوەکو ئێستا نرخی فەرمی ١٠٠ دۆلار
لەگەڵ عمولەی بانکەکەدا ١٣٢ هەزار دینارە و کەمنەکراوەتەوە، بەهۆی ئەوەشەوە بڕی
٢٥ملیۆن و ٩٩٠ هەزار دۆلار بەشێوەی کاش فرۆشراوە.
باس لەوەش کراوە، ئاستی فرۆشی حەواڵەی دەرەکی بەرزبوونەوەی
بەخۆیەوە بینیوە و بە تێکڕاش، بڕی ٢٤٧ ملیۆن و ٧٠١ هەزار و ٦٦٦ دۆلار فرۆشراوە و بۆ
هەر دۆلارێکیش بڕی هەزار و ٣١٠ دینار وەرگیراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئاستی فرۆشی کاش بەراورد بە دوێنێ سێشەممە
بەبڕی چوار ملیۆن و ٢٠ هەزار دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئاستی فرۆشی حەواڵەی
دەرەکی بەراورد بە دوێنێ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
فرۆشی رۆژی سێشەممەی بانکی ناوەندی، بڕی ٢٦٨ ملیۆن و ٥٧٦
هەزار و ١٦٤ دۆلاربووە، لەو رێژەیەش بڕی ٢٣٨ ملیۆن و ٦٠٦ هەزار و ١٦٤ دۆلار بەشێوەی
حەواڵەی دەرەکی فرۆشراوە.