سەردێڕ:

بۆچی ناوی هەندێک شوێن لە لیستی مووچەدا نیە؟

PM:05:22:09/07/2024

27516 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی مانگی شەشی بڵاوکردەوە، بەڵام لیستەکە وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتی پەرلەمانی تێدا نییە، وتەبێژی وەزارەتی دارایش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە بەغداوە پارەی ئەو وەزارەتانە نەگەیشتووە.


وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی شەشی بڵاوکردەوە و بە دوو رۆژ مووچەی سەرجەم وەزارەتەکان جگە لە هێزە ئەمنییەکان دابەش دەکرێت. بەڵام، وەزارەتی کارەبا ناوی لە لیستەکەدا نییە.
لەوبارەیەشەوە، هونەر جەمال  وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئار تی راگەیاند، تا ئێستا پارەی مووچەی وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتی پەرلەمان لە بەغداوە نەگەیشتووە بۆیە ناویان لە لیستی مووچەدا نییە. 
وتیشی، "لەگەڵ گەیشتنی پارە لە بەغداوە دەست بە دابەشکردنی مووچەکانیان دەکەین". 
ئەمەش لە کاتێكدایە، ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی شەشی بڵاوکردەوە و سبەیینێ و دوو سبەی سەرجەم وەزارەتەکان جگە لە هێزە ئەمنییەکان مووچە وەردەگرن. 
بە گوێرەی لیستەکە سبەی چوارشەممە، ١٠ـی٧ وەزارەتەکانی، تەندروستی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دارایی و ئابووری، ناوخۆ، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامە، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، دیوانی چاودێری دارایی و مافی مرۆڤ مووچە وەردەگرن.
دوو سبەی پێنجشەممە، ١١ـی ٧ مووچەخۆرانی، پەروەردە، ئەنجومەنی دادوەری، ئەوقاف و کاروباری ئاینی، کاروباری شەهید ئەنفالکراوان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی گەشت و گوزار، پلاندانان، رۆشنبیری و لاوان، خوێندنی باڵا، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کۆمسیۆن، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی ئەنجەمەنی وەزیران. 













گەلەری