سەردێڕ:

لە پاڵاوتگەیەکی نەوت لە هەولێر شەڕەتەقە روویدا؛ دوو کەس گیانیان لەدەستدا

AM:09:02:09/07/2024

18648 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پاڵاوتگەیەکی نەوت لە هەولێر شەڕەتەقە روویداوە، بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون. بەپێی زانیارییەکانیش، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستی پێکردووە و تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستگیر نەکراوە.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، نزیکەی کاتژمێر ٣ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە پاڵاوتگەیەکی سەر بە کۆمپانیایەکی نەوت لە ناحیەی کەوەرگۆسک لە خەبات سەر بە پارێزگای هەولێر شەڕەتەقە روویداوە.

ئەوەشی خستە روو، رووداوەکە بەو جۆرە بووە، سەرەتا دەمەقاڵێ لەنێوان پاسەوانی پاڵاوتگە نەوتەکە و شۆفێری تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی روویداوە، لەو کاتەی شۆفێری تانکەرە وتویەتی کە نۆرەی ئەوە بڕواتە ژوورەوە، دواتر دەمەقاڵێکە پەلی کێشاوە بۆ شەڕەتەقە و هەردوولا تەقەیان کردووە. وتیشی، لە ئەنجامدا پاسەوانەکە و شۆفێری تانکەرەکە گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

باسی لەوەش کرد، دوای ماوەیەکی کەم لە رووداوەکە هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەست پێ کردووە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی وتیشی، تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستگیر نەکراوە. بەپێی زانیارییەکانیش، ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە دانیشتووی خەباتن لە هەولێر. 

موراد ئەحمەد، هەولێر 

 













گەلەری