سەردێڕ:

دوو رۆژ دراوەتە کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی بۆ چۆڵکردنی مەیدانەکە

کەپر و خانە رووخێنراوەکانی ئاژەڵدارانی سلێمانی- مەیدانی ئاژەڵان- ٢١/٤/٢٠٢٤
AM:10:38:08/07/2024

3324 جار خوێندراوەتەوە

دوو رۆژ دراوەتە کاسبکارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی بۆ چۆڵکردنی مەیدانەکە و ئەوەش ناڕەزایەتی ئاژەڵدارانی لێکەوتووەتەوە، ئەو ئاژەڵدارانەش دەڵێن، شوێنەکە چۆڵ ناکەن و ئامادەن خێمە هەڵبدەن تاوەکو وەڵامیان دەدرێتەوە.


ئەو ئاژەڵدارانە باس لەوەدەکەن، لەبری ئەوەی قەرەبوو بکرێنەوە لە مەیدانی ئاژەڵانی نوێ خانیان پێدەفرۆشرێت و ٢٠٠ مەتریان بە ١٠ ملیۆن پێدەدەن.

ئاماژە بەوەشدەکەن، "چەند جارێکی دیکە ناڕەزایەتیمان دەربڕیوە کەس بەدەم داواکارییەکانمانەوە نەهاتووە، ئامادەین چۆڵی بکەین بەڵام با قەرەبوومان بکەنەوە، نەوەک پێمان بفرۆشن، ئاژەڵداری تێدایە پارەی نییە یەک ملیۆنیش بدات، مەیدانی ئاژەڵانی ئێرە گوزەرانی سێ هەزار خێزانی لەسەرە".

دەشڵێن، "لە وەڵامی داواکارییەکانماندا شارەوانی پێمان دەڵێت، کێشەی خۆتان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا چارەسەر بکەن کە ئەو شوێنەی کڕیوە".

ئەو ئاژەڵدارانە ئەوەیان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "ئێمە ماوەی ٢٤ ساڵە لێرە کار دەکەین، بەبێ ئەوەی پێمان بوترێت شوێنیان بۆ گۆڕیوین و دەڵێن ئێرە چووەتە ماستەر پلانەوە، سەرەڕای ئەوەی پێشمان دەفرۆشن، مەیدانی ئاژەڵانی نوێ هیچ شتێکی بۆ نەکراوە، نە خانی تێدایە نە چاییخانەیەک نە هیچ".

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەیەکی زۆرە هەر جارە و بە بیانوویەک، حکومەتی کاربەڕێکەر دەیەوێت مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی بە ئاژەڵداران چۆڵ بکات؛ لە ٢١ی مانگی چواری ئەمساڵیشدا، بەبیانووی دروستکردنی ئاوەڕۆ چەندین کەپر و خانی ئەو ئاژەڵدارانەیان بەسەر ئاژە و پەلەوەرەکاندا رووخاند و ئەو روحلەبەرانەیان خستەژێر داروپەردووی کەپر و خانە رووخاوەکانەوە. کە لەو کاتەدا ئاژەڵدارەکان باسیان لەوەکرد، بەشێکیان زیانی پێنج هەزار دۆلاریان پێگەیشتووە.













گەلەری