سەردێڕ:

دابەشکردنی مووچە دەستیپێکرد

AM:11:26:07/07/2024

6308 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچە لە هەرێم دەستیپێکرد و ئەو مووچەیەی دابەشدەکرێت مووچەی مانگی شەشە. هاوکات، هێشتا هیچ وادەیەک بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکان ئاشکرا نەکراوە.


دوێنێ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان رایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٧ی ئەم مانگە پشووی فەرمییە لە هەرێم، بەڵام دەوامی سەرجەم ئەو بانکانە ئاسایی دەبێت کە ئەرکی دابەشکردنی مووچەیان لە ئەستۆیە.

بەو پێیەش، ئەمڕۆ مووچەی مانگی حوزەیرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و خانەنشینانی شارستانی و سەربازیی دابەشدەکرێت.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، بڕی ٢٣١ ملیار و ٦٠٥ ملیۆن و ٥٣١ هەزار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژمارەی وەزارەتی دارایی هەرێم.

هێشتا هیچ وادەیەک بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنجی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم دیاری نەکراوە، لەکاتێکدا لە مانگی حەوتدان و کۆتا مووچەش کە وەریان گرتووە، بەر لە جەژنی رەمەزان و بەشێکیان چەند رۆژێک دوای جەژنی رەمەزان بووە.

دوێنێ شەممە، چاوگێکی بەرپرس لە بەغداوە بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، چاودێرى دارایی عێراق و وەزیرى دارایی وتویانە حکومەتى کاربەڕێکەر بەنادروستی لیستى مووچەى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمی ناردووە و بۆیە واژۆی ناردنی پارەکەیان نەکردووە. وتیشی، "لیستەکەمان رەوانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە تا بڕیاری لەسەر بدات".

ئەوەش لەکاتێکدایە، پاش سێ هەفتە لە دواخستنی، رۆژی شەممە ٢٩ـی حوزەیران، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانیان رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کرد. لەکاتێکدا حکومەتی کاربەڕێکەر دەیتوانی بەر لە جەژنی قوربان واتە بەر لە ١٦ی مانگ لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆران بنێرێت بۆ بەغدا، تاوەکو پارەی مووچە بۆ هەرێم بنرێدرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت، بەڵام هەموو مانگێک پڕۆسەی ناردنی لیستی مووچە لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە بە خاوی بەڕێوەدەچێت.













گەلەری