سەردێڕ:

بەهۆی راگرتنی مووچە و هاوکاری هاوپەیمانان؛ جارێکی دیکە پێشمەرگەکانی لیوای ٩ گردبوونەوە

AM:09:11:07/07/2024

2892 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان و راگرتنی هاوکاری هاوپەیمانان؛ جارێکی دیکە بەشێک لە پێشمەرگەکانی لیوای ٩ی پیادە گردبوونەوە و باس لەوە دەکەن، سەرباری دواکەوتنی مووچەکانیان، ماوەی دوو مانگە ئەو بڕە هاوکارییەی لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆیان نێردراوە، راگیراوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێک لە پێشمەرگەکانی لیوای ٩ی پیادە دژی پێنەدانی مووچە و راگرتنی هاوکاری هاوپەیمانان گردبوونەوە و رایانگەیاند، داوای مافی خۆیان دەکەن و بەردەوام دەبن تا مافەکانیان پێدەدرێت.

ئاماژە بەوەش دەکەن، سەرباری ئەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر هاوکاری هاوپەیمانانیان پێنادات، مووچەکانیانیشی راگرتوون.

دەشڵێن، جگە لە لیوای نۆ، ٢٨ لیوای دیکە ئەو هاوکارییە وەردەگرێت، تا ئێستا تەنها بەڵێنیان پێ دراوە بەڵام هیچ کارێکیان بۆ نەکراوە.

باس لەوەش دەکەن، ئەوان بەبێ کەموکورتی ئەرکەکانیان بەجێ گەیاندووە و هیچ کەمتەرخەمییەکیان نەکردووە تێیدا، جگە لەوەی مووچەکانیان وەرنەگرتووە، ئەو هاوکارییەی کە هاوپەیمانانیش دەینێرێت حکومەتی کاربەڕێکەر پێیان نادات.

لە چەند رۆژی رابردووشدا، هەر بۆ ئەو مەبەستە پێشمەرگەکانی لیوای ٩ی پیادە گردبوونەوە و باسیان لەوە کرد، سێ مووچەی ساڵی ٢٠٢٢یان فەوتاوە و ئێستاش مووچەیان پێنادرێت. وتیشیان، " ماوەی دوو مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە و لە هیڵی پێشەوەدا شەڕ دەکەین، چەک و هەموو شتێکمان لەسەر هاوپەیمانانە، پێشتر مووچەکەمان هاوپەیمانان داویەتی بەڵام ئێستا خراوەتە سەر وەزارەت و هاوکارییەکەیان لێبڕیوین".

ئەوەش لە کاتێکدایە، هاوپەیمانان لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا خۆیان مووچەی پێشمەرگەکانی لیوا هاوبەشەکانیان داوە، مانگی رابردوو ئەو پارەیە کرا بە هاوکاری دارایی و مووچەکانیان چووەوە سەر بەغدا، بەڵام ئێستا حکومەتی کاربەڕێکەر نە هاوکارییەکەی هاوپەیمانانیان بەسەردا دابەش دەکات و نەخۆشی مووچەیان پێدەدات، جگە لەوەی بەشێکی زۆری ئەو پێشمەرگانە دەوامیان دوور لە شار و شوێنی نیشتەجێبوونیانە.

 














گەلەری