سەردێڕ:

١٠٠ دۆلار بە زیاتر لە ١٤٩ هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت

PM:03:52:03/07/2024

1644 جار خوێندراوەتەوە

نرخی دۆلار لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە هەزار دینار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، لە ئێستاشدا ١٠٠ دۆلار بە ١٤٩ هەزار و ١٠٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، بەهۆی کەمی خستنەڕووی دۆلار و زۆری خواستی دەستڕاگەیشتن بە دۆلار لەلایەن گەشتیارانەوە، نرخی دۆلار جارێکی دیکە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.

بەرزبوونەوەی دۆلار پەیوەستە بە رێژەی خواست و خستنەڕووی بانکی ناوەندی، لەو بارەیەشەوە شارەزایەکی دراو لە بازاڕی دراوەکانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا نرخی دۆلار زیاتر لە هەزار دینار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

ئاماژەی بەوەش کرد ، لە ئێستادا ١٠٠ دۆلار لە نێوان ١٤٩ هەزار بۆ ١٤٩ هەزار و ١٠٠ دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. وتیشی، " لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی خستنەڕووی دۆلار و دەستپێکردنەوەی فرۆشی دۆلاری کاش بە گەشتیاران، نرخی دۆلار دادەبەزێت".

لەلایەکی دیکەشەوە، راوێژکاری ئابووری و دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە نرخی دۆلار کەمێک بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام تا ئێستا نەبووەتە جێی ترس و دۆخێکی ئاساییە بۆ دۆلار.

ئاماژەی بەوەش کرد، بانکی ناوەندی لە رێککارەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی دۆلار و بەهای دینار بەردەوامە، بۆ ئەو مەبەستەش دەستی بە دابینکردنی دۆلاری کاش بە گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق کردووە.













گەلەری