سەردێڕ:

ئەمڕۆ تەواوی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێردرێت؟

PM:12:43:03/07/2024

37364 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقەوە، بەشێک لە پارەی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەرێكەر نێردراوە و ئەمڕۆش بڕیار لە ناردنی بەشەکەی دیکە دەدرێت.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی دارایی عێراق بەشێکی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی ناردووە، کە ئەو پارەیەی کە نێردراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان و مووچەخۆرانی مەدەنی هەرێمە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ بڕیار لە ناردنی بەشەکەی دیکە دەدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی هێزە ئەمنییەکان نەنێردراوە.

باسی لەوەش کرد، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە حکومەتی کاربەڕێکەر لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی بە دروستی نەناردووە. وتیشی، "ئەگەر حکومەتی کاربەڕێکەر زیاتر کێشە دروستبکات ئەوە جارێکی دیکە کێشە بۆ مووچەی هێزە ئەمنییەکان دروستدەبێت".

بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیاریشە ئەو پارەیەی کە ئەمڕۆ بۆ هەرێم دەنێردرێت بۆ مووچەی شەهیدان و ئەنفالکراوان و خانەنشین خەرجبکرێت، پاشان مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی مەدەنی هەرێم خەرجدەکرێت.

هاوکات، بەپێى بەدواداچونێکى ئێن ئاڕ تی، نوسینگەى سودانى و چاودێرى دارایی عێراق پێکەوە لێکۆڵینەوە دەکەن کە بۆچی تا ئێستا مووچەی هێزە ئەمنییەکان نەدراوە، دۆسیەى لیستى مووچەى مانگى شەشى هێزە ئەمنییەکان سپێدراوە بە نوسینگەى سودانى و پێویستە لەگەڵ چاودێرى داراییدا یەکلایی بکەنەوە، چونکە وەزیرى دارایی عێراق رەتی کردووەتەوە بە کۆد مووچە بنێرێت و ئەوەشى وەک کێشەیەک وەسف کردووە کە حکومەتى کاربەرێکەر دروستى دەکات.
گۆران عەبدوڵا - بەغدا













گەلەری