سەردێڕ:

وردبینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی شەشی هەرێم بەردەوامە

PM:12:18:30/06/2024

29700 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، وردبینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە لە بەیانی ئەمڕۆوە دەستی پێکردووە. چاوگێکیش لە وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر گرفت لە لیستەکەدا نەبێت، دوای تەواوکردنی وردبینی دەست بە ناردنی پارە بۆ هەرێم دەکەن.


ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی دارایی عێراق دەستی کردووە بە وردبینیکردن لە لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم کە دوێنێ شەممە ٢٩ـی حوزەیران نێردرا.

چاوگێکیش لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ماوەیەکی کەمدا وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی شەشی هەرێم تەواو دەکرێت.

هاوکات، بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئێن ئاڕ تی لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بە دەستی گەیشتووە، ئەگەر گرفت و کەموکوڕی لەو لیستەدا نەبێت کە هەرێم ناردویەتی، ئەوا دوای تەواوبوونی وردبینی بەغدا دەست بە ناردنی پارە بۆ هەرێم دەکات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پاش سێ هەفتە لە دواخستنی، رۆژی شەممە ٢٩ـی حوزەیران، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمیان رادەستی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کردووە.

پێشتر، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندبوو، دوای گەیشتنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ماوەیەکی کەمدا دەست دەکەن بە ناردنی پارەی پێویست، بەڵام هەموو مانگێک پڕۆسەی ناردنی لیستی مووچە لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە بە خاوی بەڕێوەدەچێت.













گەلەری