سەردێڕ:

لیستی مووچەی مانگی شەش گەیشتە بەغدا و وردبینی تێدا دەکرێت

PM:11:28:28/06/2024

4088 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ٢٧ـی حوزەیران، لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم گەیشتووەتە بەغدا. دەشڵێت، "لەدوای تەواوکردنی وردبینی و پێداچوونەوە بە لیستەکەدا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، بە چەند گوژمەیەک پارە بۆ هەرێم دەنێردرێت".


ئەمڕۆ هەینی، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، لیستی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێم گەیشتووەتە بەغدا.

باسی لەوەش کرد، بەهۆی ئەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە ٢٧ـی حوزەیران لەدوای تەواوبوونی دەوامی فەرمی عێراق لیستەکەی رەوانە کردووە، لیستەکە هێشتا نەگەیشتووەتە وەزارەتی دارایی عێراق و لە ئێستادا لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمە لە بەغدا.

ئەوەشی خستە روو، بڕیارە رۆژی یەکشەممە ٣٠ـی حوزەیران، لەگەڵ کردنەوەی دەوامی فەرمی دامودەزگاکان لە عێراق لیستەکە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق بنێردرێت، لەدوای گەیشتنی لیستەکە بە وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی و پێداچوونەوە بۆ لیستی مووچەی مانگی شەشی هەرێم دەکرێت.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی وتیشی، ئەگەر لیستەکە هیچ کێشەیەکی تێدا نەبێت و بەو جۆرە بێت کە وەزارەتی دارایی عێراق داوای کردووە، ئەوا لەدوای ٢٤ کاتژمێر بە چەند گوژمەیەک پارە بۆ هەرێم دەنێردرێت.

سەبارەت بە بوونی ناوی هێزە ئەمنییەکان لە لیستەکەدا باسی لەوە کرد، لیستەکە ناوی هێزە ئەمنییەکانی تێدا نییە، تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەوبارەیەوە نییە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای زیاتر لە دوو هەفتە لە وادەی خۆی، حکومەتی کاربەڕێکەر لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی رەوانەی بەغدا کرد، بەهۆی درەنگ ناردنی لیستەکەش تا ئێستا بەغدا پارەی مووچەی مانگی شەشی بۆ هەرێم نەناردووە.

لەکاتێکدا، ئەگەر هەرێم مانگانە لە وادەی خۆیدا و بەو جۆرەی حکومەتی عێراق داوای کردووە، لیستی مووچەی مووچەخۆران رەوانە بکات ئەوا بەغدا پارەی مووچە دەنێرێت و بەوەش هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق، دەکرێت سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم مانگانە لە وادەی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن.

 













گەلەری