سەردێڕ:

عێراق مووچەی مانگی حەوت دابەش دەکات

PM:06:01:27/06/2024

34100 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، سەرجەم رێکارەکانی پەیوەست بە مووچەی مانگی حەوتی خانەنشینی کرێکاران تەواو کراوە و دەست بە دابەشکردنی مووچەی ئەو توێژە دەکرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، خولود هیران بەڕێوەبەری گشتیی بەشی خانەنشینی و دەستەبەریی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایگەیاند، سەرجەم رێکارەکانی مووچەی مانگی حەوتی خانەنشینی کرێکارانیان تەواو کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی تەواوکردنی رێکارەکانی مووچەکەیان؛ دەست بە دابەشکردنی مووچەی ئەو توێژە دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، لەم مانگەدا بڕی مووچەی زیادکراو کە لە ١٠ـی حوزەیران لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەنگی لەسەر درا و بڕەکەی ١٥٠ هەزار دینار بوو، دەچێتە سەر مووچەی خانەنشینی کرێکاران.

ئەوەشی خستە روو، زیادکردنی مووچەی ئەو توێژە تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە ١ـی مانگی ١٢ـی ساڵی ٢٠٢٣ـەوە تا ئێستا خانەنشین بوون.

وتیشی، بەردەوامن دەبن لە بەدواداچوون بۆ ئەو داواکارییانەی کە لەمدواییەدا خانەنشینان بۆ زیادکردنی بڕی مووچەکانیان پێشکەشیان کردووە، لەدوای هەموارکردنەوەی بڕیارەکان بۆ پەسەندکردنی داواکەیان لە مانگی داهاتوووە مووچەی ئەوانیش زیاد دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، خانەنشینانی عێراق بەردەوام مووچەکانیان بۆ زیاد دەکرێت و مانگانە لە وادەی خۆشیدا لەپێش سەرجەم توێژەکانی دیکە مووچەکانیان وەردەگرن، بەپێچەوانەی خانەنشینانی هەرێم نەک هەر مووچەکانیان بۆ زیاد ناکرێت بەڵکو سەرباری کەمی بڕی مووچەکانیشیان، مانگانە لە وادەی خۆیدا وەری ناگرن و دەبێت بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە نۆرەدا بوەستن تاوەکو مووچەکانیان وەر بگرن.













گەلەری