سەردێڕ:

ئەمڕۆ دارایی هەرێم دەست بە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆران دەکات

AM:10:13:23/06/2024

29972 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ دەست بە ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆران دەکەن. لەکاتێکدا دەبوو لە ئێستادا لیستەکە رەوانەی بەغدا بکرایە. هاوکات، چاوەڕێدەکرێت تاوەکو ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی پێنجی هێزەئەمنییەکان بۆ هەرێم بنێردرێت.


چاوگێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی کاربەڕێکەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ دەست بە ئامادەکردنی لیستەکە دەکەن و لیستەکە چەن گۆڕانکاریەکی کەمی تێدا دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، هەوڵدەدەرێت تاوەکو ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە لیستەکە تەواو بکرێت و رەوانەی بەغدا بکرێت.

لەوبارەیەوە چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەگەر هەرێم لیستی مووچە بنێرێت، هاوشێوەی سەرجەم وەزارەتەکانى عێراق پارەی مووچەی مووچەخۆرەکانی بۆ دەنێردرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەئەمنییەکان لە بەغدا تەواو بووە، تاوەکو ناوەڕاستی هەفتە پارەی مووچەی ئەو هێزانە رەوانەی هەرێم دەکرێت.

حکومەتی کاربەڕێکەر مانگانە ناردنی لیستی مووچە بۆ عێراق دوادەخات، لەکاتێکدا بەر لە ٢٥ی هەموو مانگێک دەتوانێت لیستەکە بنێرێت و لەماوەیەکی کورتدا عێراق مووچە بنێریت، بۆ مووچەی مانگی ئایاریش لە مانگی شەشدا لیستەکەی ناردە بەغدا و لەوبارەیەوە لە ٣ی ئەم مانگەدا چاوگێک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ماوەی ١٠ رۆژە لیستەکە ئامادەیە، بەڵام بەهۆی نەناردنی پارەی مووچەی هێزە ئەمنییەکانەوە بڕیاری ناردنی نەدرابوو.

سەرەڕای ئەوانەش، ماوەی دوو مانگ بوو مووچەی هێزەئەمنییەکانی هەرێم دابەشنەکرابوو و بەر لە جەژن و لە مانگی شەشدا دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی چواری هێزەئەمنییەکان کرا، لەکاتێکدا کە لە نۆ مانگى رابردوودا هێزەئەمنییەکانى هەرێم تەنها چوار مووچەیان وەرگرتووە و حکومەتى کاربەڕێکەریش سەربارى هەبوونی داهاتێکى زۆرى ناوخۆ ئامادە نییە مووچەى ئەو هێزانە دابەش بکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لەمڕۆ شەممە، ٢٢ی حوزەیرانەوە، دەست دەکەن بە پارەدارکردنی سەرجەم وەزارەت و دەستە و بەڕێوەبەرایەتییەکان و بە پابەندبوون بە خشتەی مانگانەی مووچە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش دەکرێت.
هـ.ئـ













گەلەری